وێنە؛ لە گوندی هاوار کاکەییەکان مەراسیمی رۆژی بەخشینیان بەڕێوەبرد

KNN : Kurdish News Network
04:18 - 04/05/2022
گەلەری

لە گوندی هاوار لەپارێزگای هەڵەبجە، کاکەییەکان مەراسیمی رۆژی بەخشین یان ماستی قەڵاتێیان بەڕێوەبرد، کەمەراسمێکی کۆنی هاوارییەکانە، لە وڕۆژەدا ئەو گوندنیشینانەی ئاژەڵدارن ماست و دۆ و کەرێ دەبەخشنەوە بەسەر ماڵە هەژارەکاندا. خەسڵەتێکى ئەو رۆژەش ئەوەیە ئەگەر دو کەس یان دو ماڵ کێشەیان هەبووبێت، دەبێت رۆژێک پیش ماستی قەڵاتێ ئاشت بوبێتنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دورى (16) کیلۆمەتر لە باکورى رۆژهەڵاتى پارێزگاى هەڵەبجە، کاکەییەکان مەراسیمى رۆژى بەخشین (ماستى قەڵاتێیان) ئەنجامدا و ژنەکان لە دەورى مەنجەڵى ماستەکان ئەو خواردنانە کۆبونەتەوە کە هێناویانە.

ماستی قەڵاتێ ئاماژەیەکی رون و دیارە بۆ ئەم مەراسیمە کە نەریتێکی کۆنی کاکەییەکانەو مێژوەکەی بۆ 600 ساڵ دەگەڕێتەوە، خەسڵەتى سەرەکى مەراسیمەکە جگە لە بەخشین تێکەڵکردنى ماستەکانى یەکترە و بەیەکەوە دەیخۆن و هەمویان نمەکى یەکترى دەکەن.

لەم ڕۆژەدا ئەو ماڵانەی ئاژەڵدارن، ماست و دۆ و کەرە کۆدەکەنەوە و دەچنە قەڵاتێ و بەسەر ئەو ماڵانەدا دابەشی دەکەن کە مەڕدار و نین و ئاژەڵیان نییە، بەڵام ئەمساڵ نەچونە قەڵاتێ، لەژێر خێمەدا کۆبونەوە.

ساڵانە بۆ زیندوکردنەوەی ئەو ڕۆژە، لە مانگی نیساندا کاکەییەکان مەراسیمی بەخشین ساز دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە مەراسمەکەیان خستە مانگی ئایار.

مەجید شاوەیس، کەسایەتی کاکەیی بە (کەى ئێن ئێن)ى راگەیاند: مەراسیمی رۆژی بەخشین یان ماستی قەڵاتێ بە تەنها لە هاوار بەڕێوەدەچێت، کاکەییەکانی تری هەرێمی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن، سەرەڕای بەخشینەوەی ماست و دۆ و کەرە، دانەوێڵە و نانە رەقە بۆ ئاژەڵ و باڵندەکانیش رۆدەکەن تا ئەوانیش تێر بخۆن.

دیارترین خەسڵەت و تایبەتمەندی ئەم نەریتە دێرینەی کاکەییەکان ئەوەیە ئەگەر دوو کەس یان دوو بنەماڵە کێشەیان هەبووبێت، دەبێت رۆژێک پیش ماستی قەڵاتێ ئاشت بوبێتنەوە ئەگەر نا بۆیان نەبووە بەشداری تێدا بکەن.

389 جار خوێندراوەتەوە