یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیا دەکات

KNN : Kurdish News Network
01:05 - 04/05/2022
ئابوری

كۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازی سزای نوێ لەبارەی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیا، خستەڕو.

لەمیانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی "کاریگەری جەنگی روسیا-ئۆکراینا بەسەر رەوشی کۆمەڵایەتی و ئابوری یەکێتیی ئەوروپا"، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ شەشەمین پاکێجی سزاکان دژی روسیا دەخەینەڕو.

ڤۆن دێر لاین ئاشکرای کرد ژمارەیەک ئەفسەری باڵا و کەسایەتی دەخرێنە لیستی سزاکان کە تاوانی جەنگیان لە بوچا ئەنجامدا و بەرپرسیار بون لە گەمارۆدرانی شاری ماریوپۆڵ.

وتیشی: "بانکی بەناوبانگی روسیا، سبیربانک و دوو بانکی دیکەی روسی لە سیسته‌می سویفتSWIFT  دەردەکەین. بەم جۆرە گرینگترین بانکە داراییەکانی روسیا دەکەینە ئامانج و پەکیان دەخەین".


سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ئەوەشی خستەڕو کە قەدەغە دەخرێتە سەر پەخشی سێ کەناڵی تەلەفزیۆنی سەربە حکومەتی روسیا و رێگە نادرێت ئەو دەزگا میدیاییانە بە هیچ جۆرێک بەردەوامی بە پەخشەکانیان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بدەن.

ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە کە رێگە لە راوێژکار و ژمێریارە ئەوروپییەکان دەگرن خزمەت پێشکەش بە کۆمپانیا روسییەکان بکەن.

ئاشکراشى کرد کە سەرکردەکان لەمیانی کۆبونەوەی ڤێرسای، کۆک بوون لەسەر ئەوەی کۆتایی بە پشتبەستن بە وزەی روسیا، بهێنن.

وتیشی: "تاوتوێی بابەتی پشتبەستن بە نەوتی روسیا دەکەین. پێویستە ئەوە بوترێت ئەمە کارێکی ئاسان نابێت. بەشێک لە وڵاتانی ئەندام بە ئاستێکی بەرز پشتیان بە نەوتی روسیا بەستووە. لەئێستادا پێشنیازی قەدەغەکردنی نەوتی رووسیا دەکەین. ئەم قەدەغەکردنە جگە لە بەرهەمەکانی نەوت، نەوتی خاویش دەگرێتەوە کە لە رێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە".

بەپێى وتەى ڤۆن دێر لاین، قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت لە روسیاوە بە جۆرێک دەبێت، کاریگەری ناکاتە سەر بازاڕەکانی وزە لە جیهان و بەچەند قۆناغێک جێبەجێدەکرێت، هەروەها گورزێکی کوشندە لە ئابوری رووسیاش دەدات.

یەکێتیی ئەورووپا پێشتریش پێنج پاکێجی سزای دژ بە روسیا خستبووە بواری جێبەجێ کردن و پێویستیشە بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکە، لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەن پەسەند بکرێت.

130 جار خوێندراوەتەوە