كارێكی سەخت و
ماندوبونێكی زۆر لەبەیانییەوە تائێوارە، ئەوە بەشێكی ژیانی ڕۆژانەی كرێكارانە،
ئەوانەی دەتوانن كاریان دەستبكەوێت، بەشێكی دیكەش ئەوانەن چەندین كاتژمێر لەچاوەڕوانی
دەسكەوتنی كار و پەیداكردنی قوتی ژیانیان دەمێننەوە، لە چوار مانگى رابردوشدا (22) کرێکار لە هەرێمى کوردستان لەسەر کار
گیانیانلەدەستداوە.
ئەوان، كات و بۆنە
و مەراسیم نازانن، كەشوهەوا و سەرما و گەرما كاریان تێناكات، بۆیە لەهەموو دۆخێكدا
ئەگەر كاریان دەستبكەوێت ناڵێن نا.
ساڵانە لە یەكی
ئایاردا تەواوی كرێكارانی جیهان یادی رۆژەكەیان دەكەنەوە كە سەدان ساڵە بۆیان دیاریكراوە،
زۆرینەی وڵاتان ئەو یادەیان كردۆتە پشوو، بەڵام زۆرینەی كرێكاران لەو رۆژەشدا لە
كار بەردەوام دەبن.
چیرۆكی دیاریكردنی
رۆژەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1886، كاتێك
340 هەزار كرێكاری مانگرتوی شاری شیكاگۆی ئەمەریكا لە رۆژی یەكی ئایاردا خۆپیشاندانیانكرد،
دروشمەكانی هەشت كاتژمێر كاركردن، هەشت كاتژمێر پشوودان و هەشتی كاتژمێریش نوستنیان
بەرزکردبۆوە، داوایان دەكرد لەو ماوەیە زیاتر كاریان پێنەكرێت و دۆخی ژیانیان
باشتر بكرێت.
پێش ئەنجامدانی
خۆپیشاندانەكە بەشێكی خاوەن كار و سەرمایەدارەكان نزیكەی 14 بۆ 16 كاتژمێر كاریان
بەكرێكارەكانیان دەكرد، لەبەرامبەردا كرێیەكی كەمیان دەدانێ، ئەوەش ناڕەزایەتییەكی
زۆری لێكەوتەوە و مانگرتنی كرێكارانی ئەمەریكای بەدوادا هات كە دواتر چەند وڵاتێكی
دیكەشی گرتەوە.
ساڵی 1889 بڕیاردرا
ڕۆژی یەكی ئایار بكرێتە ڕۆژی خەباتی كرێكاری، هەرچەندە تائێستا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە
دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان یاد دەكرێتەوە لە زیاتر لە 80
وڵاتی جیهانیش بۆتە پشووی فەرمی و وەك جەژنێك سەیر دەكرێت.
لە یەكی ئایاردا
بەشێكی زۆری كرێكارانی جیهان دەست بە خۆپیشاندان دەكەن و داوای دابینكردنی زیاتر
مافەكانیان دەكەن، بە تایبەت كە تائێستا لە زۆر وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی جیهانی
سێهەم، ژیانی كرێكاران بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت و لەبەرامبەر كارەكەیاندا كرێیەكی
كەم وەردەگرن، هەروەها بەشێكی زۆری مافەكانیان پێشێل دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی بەشێكیان
بەهۆی جۆری كارەكەیان و دابینەكردنی كەرەستەی سەلامەتی لە شوێنی كارەكانیان دەبنە
قوربانی.
ژیانی كرێكارانی
هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدایە، بەتایبەت دوای چەند ساڵێك لە قەیرانی دارایی
و بڵاوبونەوەی بێكارییەكی زۆر، لە سێ ساڵى رابردوشدا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە،
دۆخەكە خراپتر بووە.
لەگەڵ ئەو دۆخە
سەختەشدا، مەترسییەكانی سەر ژیانی كرێكاران، ساڵانە زیاتر دەبێت، بەجۆرێك ژمارەیەكیان
لەكاتی كاردا توشی روداوی دڵتەزێن دەبن و بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن دواتریش هیچ
ئاوڕێك لە خێزانەكانیان نادرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێكیان توشی برینی سەخت و كەمئەندامی
دەبن بێ ئەوەی هیچ لایەنێكی حكومی و كەرتی تایبەت ئاوڕیان لێبداتەوە.
مستەفا رەحیم، سەرۆکى
رێکخراوى کرێکارانى بیناسازى رایدەگەیەنێت؛ دۆخى
کرێکاران لە هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى خراپدایە و بەمەبەست کاردەکرێت بۆ چەوساندنەوەى
کرێکاران و قۆرخکردنى ئیش لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، دەشڵێت: لە چوارمانگى سەرەتاى ئەمساڵدا
22 کرێکار لە کاتى کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
201 جار خوێندراوەتەوە