کەی ئێن ئێن هۆکاری روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی دەربەندیخان ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:03 - 28/04/2022
ڕاپۆرت

لە سەر رێگای دەربەندیخان سلێمانی تانکەرێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و شەش ئۆتۆمبێل سوتان، کەی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا هۆکاری سەرەکیی پشت روداوەکە دەخاتەڕو کە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی کۆمپانیایەکی تورکی کە لەبواری دەرهێنانی نەوتدا کاردەکات.

بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، بارى ئەو تەنکەرە نەوت بوە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکى تورکییەوە دەردەهێنرێت و ئەرکى گواستنەوەش سپێدراوە بە کۆمپانیایەکى دیکەى تورکیا.

لەلای زۆرێک لە هاوڵاتیان روداوەکە وەکو هەر روداوێکی تری هاتوچۆیە و هۆکارەکەی بۆ خراپی رێگاوبان دەگەڕێنرێتەوە.

بەڵام کەی ئێن ئێن ئەوەی زانیوە کە کەمتەرخەمی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتەکە کە کۆمپانیایەکی تورکییە، یەکێک بوە لە هۆکارە سەرەکییەکەی روداوەکە.

ئەو نەوتەی کە لە تانکەرەکەدا بوە لەلایەن کۆمپانیای پیت ئۆیلی تورکیەوە دەرهێنراوە کە وەربەرهێنان لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی گەرمیاندا دەکات.

پیت ئۆیل چەند رۆژێک پێش ئێستا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ناترۆنا واژۆکردوە و روداوەکەش لە یەکەمین رۆژی دەستپێکی کاری کۆپانیا نوێکەدا بوە کە بەگوێرەی گرێبەستەکە 28/4/2022 یەکەمین رۆژی جێبەجێکردنی گرێبەستی نیوانیانە.

کەی ئێن ئێن ئەو زانیارییەی دەستکەوتوە کە کۆمپانیا تورکییەکە بەشی سەلامەتی رێگاوبان کە بە (Road safety)ی ناسراوە نییە، کە ئەم بەشە بەرپرسە لە ئەنجامدانی پشکنینی گشتی بۆ تانکەرەکان، بۆئەوەی بزانرێت گونجاوە بۆئەوەی سوتەمەنی بگوازێتەوە و بە رێگا گشتییەکاندا بروات یاخود نەخێر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن کۆمپانیا تورکییەکە چەندین کەموکورتی تری لە کارەکانی هەیە و لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە چاوپۆشی لێکراوە و ئەوەش هۆکارە بۆئەوەی  بەردەوام ئەگەری رودانی روداوی لەو جۆرە لەئارادا بێت.

کۆمپانیاکە لە ساڵی 2003ەوە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات و لە چوار کێڵگەی نەوتیدا وەبەرهێنانی کردوە و  لە ئێستادا تەنها لە هەرێمی کوردستان کار دەکات.

روداوەکە، راستییەکی دەرخست، ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆیاندا هەمو شتێک دەکەنە قوربانی، تەنانەت ئەگەر گیانی هاوڵاتیانیش بێت.

118 جار خوێندراوەتەوە