خواردنەوەی شەربەت
یەكێكە لە خووەكانی مانگی رەمەزان، بەجۆرێك هەندێك كەس بێ خواردنەوەی شەربەت
ناتوانن رۆژووەکەیان بشكێنن، پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن باشترە ئەو شەربەتەی
دەخورێتەوە سروشتی بێت، چونكە سودێكی زۆر بە كەسی رۆژوەوان دەگەیەنێت و لە چەند كێشەیەكی
تەندروستی دەیپارێزێت.
بە رای پسپۆڕان شەربەتی سروشتی بڕێكی زۆر لە ڤیتامین
و ماددە كانزاییەكانی تێدایە كە لەش پێویستی پێیەتی، بە تایبەت بۆ كەسی رۆژوەوان،
چونكە لە ڕۆژدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك نەچۆتە گەدەیەوە.
شەربەتی سروشتی
بڕێكی زۆر لە ڤیتامین (سی) و ماددەی دژە ئۆكسید و پۆتاسیۆمی تێدایە كە سودی زۆریان
بۆ لەشی ڕۆژوەوانان هەیە، هەروەها كاریگەریان هەیە لەسەر زوو هەرسكردنی ئەو خۆراكەی
لەبەربانگدا خوراوە.
سەبارەت بە كاریگەری
شەربەتە دەستكردەكان پسپۆڕان پێیانوایە بونی بڕێكی زۆر ماددەی كیمیاوی رەنگیی لە پێكهاتەی
ئەو شەربەتانەدا، وادەكات زیانی تەندروستی بۆ لەش هەبێت و ئەگەری توشبوون بە چەند
كێشەیەك زیاد بكات.
بەپێی ئەنجامی
توێژینەوە پزیشكییەكان، گرنگترین ئەو شەربەتانەی سود بە لەشی رۆژوەوان دەگەیەنن،
بریتین لە شەربەتەكانی مێوژ و پرتەقاڵ و قەیسی.
بەڕای پسپۆڕان
خواردنەوەی شەربەتی مێوژ لە رەمەزاندا لەش بەهێز دەكات و جگەر چالاك دەكات، هەروەها
یارمەتی هەرسكردنی ئەو بڕە زۆرەی خۆراك دەدات كە لە بەربانگدا دەخورێت.
هەروەها شەربەتی
پرتەقاڵ بەسودە بۆ دڵ و فشاری خوێن دادەبەزێنێت، بە تایبەت دوای ئەو بڕە خۆراكەی لە
بەربانگدا دەخورێت كە ئەگەری بەرزبونەوەی فشاری خوێن زیاتر دەكات، هەروەها بڕێكی زۆر
پۆتاسیۆم و كالیسیۆمی تێدایە، بونی چەندین ماددەی سود بەخش لە پێكهاتەكەی ئەم شەربەتەشدا،
یارمەتی كرداری هەرسكردن دەدات و رێگرە لە تینوێتی هەروەها لەش چالاك دەكات و ئەگەر
لە پێش نان خواردنیشدا بخورێتەی ئارەزووی خواردن زیاد دەكات.
پسپۆڕان داوا لە
هاوڵاتیان دەكەن، ئەو شەربەتە سروشتییەی دەیخۆنەوە، شەكر نەكەنە پێكهاتەكەیەوە،
چونكە ئەو میوەیەی شەربەتەكەی لێدروست دەكرێت، بڕێك شەكر و ماددە شیرینەكان لە پێكهاتەی
سەرەكیدا بونی هەیە كە هیچ زیانێكی بۆ لەش نییە.
463 جار خوێندراوەتەوە