مان ستى و لیڤەرپوڵ یەک خاڵ جیاوازى و یەک ملیار بینەر

KNN : Kurdish News Network
02:01 - 10/04/2022
وەرزش

حەوت هەفتە پێش وادەی کۆتایى پریمەرلیگ، لە یارییەکانى هەفتەى (31)، یاریگاى ئیتحاد کە بەپارەى ملیاردێرەکانى عەرەب دروستکراوە،دەبێتە مەیدانى روبەڕوبونەوەى لوتکەى پریمەرلیگ لە نێوان مانچستەر ستى خانەخوێ و لیڤەرپوڵى میوان.

یارییەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە جیاوازى نێوان هەردو زلهێزەکە تەنها یەک خاڵە، کوڕانى گواردیۆلا بە کۆکردنەوەى 73 ساڵ پێشەنگى ریزبەندییان گرتووە و سورپۆشەکانى کڵوپیش بە 72 خاڵ لە پلەى دووەمدان.

10 یارى رابردوى لیڤەرپوڵ لە خولى ئینگلیز بۆ هاندەرانى دڵخۆشکەرە، چونکە سەرجەمیانى بردۆتەوە، بەڵام هاندەرانى ستیزن لەوەدا دڵخۆشن کە لە چوار یارى رابردوى تیپەکەیان بەرامبەر لیڤەرپوڵ، توشى دۆڕاندن نەهاتوون.

لیڤەرپوڵ لە ئینگڵاند و لە ئەوروپاش خاوەن مێژویەکى گەورە و کاریگەرە، بەڵام بۆ یارییەکەى ئەمڕۆ حوکمى مێژو نیە و پیپ گواردیۆلا و کوڕەکانى بە مێژویەکى نوێوە لە مەیدانەکەن و ژمارەیەکى گەورەى ئێستاى تۆپى پێن لە ئینگلتەرا و ئەوروپا.

هەردو راهێنەرا، پیپ گواردیۆلا و یۆرگن کلوپ تائێستا 22 جار روبەڕوى یەکترى بونەتەوە، هەردولایان لە نۆ یاریدا بەسەر یەکتریدا سەرکەوتون و لە چوار یاریشدا یەکسان بوون.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمشەو لیڤەرپوڵ دەتوانیت حوکمى مێژو و بەسەر مانچستەر ستیدا بسەپێنیت و یارییەکەى لێبباتەوە و بەجیاوازى دوو خاڵ بچێتە پێشەوەى ریزبەندى، یان دەکەوێتە بەر نەفرەتى پیپ گواردۆلا و جیاوازییەکە لەیەک خاڵەوە دەبێت بە چوار.. یانیش هەردولایان بەخاڵێک رازى دەبن.

 

184 جار خوێندراوەتەوە