عێراق نەیتوانی بگاتە مۆندیالی 2022ی قەتەر

KNN : Kurdish News Network
06:48 - 29/03/2022
وەرزش
+
-

جارێكی تر خەونی عێراقییەكان بۆ بەشداریكردن لە مۆندیال لە گۆڕنرا، ئەویش دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق نەیتوانی سەركەوتن بەسەر سوریادا تۆماربكات.

لە دوا یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە دوا یارییەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەر، هەڵبژاردەی عێراق لە دەرەوەی یاریگای خۆی بوە میوانی هەڵبژاردەی سوریا.

دوای 3 خولەك لە دەستپێكردنی یارییەكە، بەپێچەوانەی پێشبینیەكانەوە عەلائەدین دالی گۆڵی پێشكەوتنی هەڵبژاردەی سوریای تۆماركردو ئەركی یاریزانانی عێراقی قورس كرد، دواترو لە خولەكی 31 دا ئەیمەن حسێن بە لێدانی سەر گۆڵی بەرامبەری هەڵبژاردەی عێراقی تۆماركردەوەو یارییەكەی گەراندەوە خاڵی سەرەتا، تایمی یەكەم بەو ئەنجامە كۆتایی هات.

لە تایمی دووەمدا یاریزانانی عێراق بەهێرشبردن و یاریزانانی سوریاش بە بەرگرییەكی تۆكمەوە یارییان دەكرد، عێراقییەكان چەند جارێك نزیكبون لە تۆماركردنی گۆڵی دووەم، بەڵام گۆڵچی هەڵبژاردەی سوریا رێگربو لەبەردەم هێرشەكان، سەرەنجام یارییەكە بە یەكسانی و بە گۆڵێك بۆ هەرلایەك كۆتایی هات.

بەو ئەنجامەش عێراق كۆی خاڵەكانی بۆ 9 خاڵ بەرزكردەوەو لە پلەی چوارەمی ریزبەندی كۆمەڵەكەیدا مایەوە، ئەو پلەیەش عێراقی نەگەیاندە پاشكۆی پاڵاوتنەكان و ئەمجارەش نەیتوانی بگاتە مۆندیال.

256 جار خوێندراوەتەوە