کاتژمێر (11:00)ى ئەمشە و بەکاتى هەرێمى کوردستان، مارتینێز
مونویراى ناوبژیوان فیکەى کلاسیکۆى زەوى لێدەدات و بۆ ماوەى (90) خولەک هەردوو
زلهێزەکەى ئیسپانیا و جیهان روبەڕوى یەکترى دەکاتەوە.
یارییەکە لە یاریگاى سانتیاگۆ بێرنابیۆى تایبەت بە یانەى
شاهانە ئەنجام دەدرێت و چاوەڕوان دەکرێت (650) ملیۆن کەس لەسەر ئاستى جیهان بەشێوەى
راستەوخۆ چاوەکانیان لە مەدریدبن و بینەرى یاریی ریاڵ و بەرشەبن.
یانەى ریاڵ مەدرید، دواى بردنەوەى لە یانەى پاریس
سانجێرمان و دورخستنەوەى مباپێ و نیمار و میسى لە چامپیۆنس لیگ، بە دۆخێکى جێگیر و
ئارامدا تێدەپەڕێت، لە خولى ئیسپانیاش بەردەوامە لە ئەنجامە باشەکان و لە کۆى (28)
یارى توانیویەتى (66) خاڵ کۆبکاتەوە و بەتەنها و بەجیاوازى (10) خاڵ لەگەڵ
سیڤیلیاى دووەم، پلەى یەکەمى داگیرکردووە.
ئەوەى تایبەتە بە کوڕانى چاڤى، لە ئێستادا ئاهێک
هاتوەتەوە بەریان و 11 یارییە تامى شکستیان نەکردووە، دواى هاتنى کۆمەڵێک ئەستێرەى
وەک ئۆبامیانگ و تراورێ و فیران تۆرێس، دۆخى تیپەکە بەرەو ئارامى رۆشتووە و پلان و
تەکتیکەکانى چاڤى بۆ بوژانەوەى یانەکە رۆژ بەڕۆژ دەردەکەوێت و ئەنجام و ئاستى ئەم
چەند یارییەى رابردوش وەڵامدەرەوەى ئەو راستییەن.
هەزار و (113) رۆژە، بوگرانا نەیتوانیوە بەسەر مێرنگیدا
سەرکەوێت، ئەمشەویش دواى دو ساڵ و نیو و لەنۆژەنکردنەوەى، جارێکى دیکە سانتیاگۆ
بێرنابیۆ باوەش بۆ کلاسیکۆ دەکاتەوە.
لە ریاڵ مەدرید، کەریم بەنزیماى گەشاوەى هەفتەى رابردو و
مێندى بەرگریکار، بەهۆى پێکانەوە دەبێت لەسەر کورسی هاندەرانەوە سەیرى دیمەنەکان
بکەن، لە بەرشەلۆنەش دێست لەژێر کاریگەرى پێکانەکەى بەرامبەر گەڵاتەسەراى بەشدارى
ناکات.
هەرچەندە، بۆچونەکان بەو ئاراستەیەن ریاڵ مەدرید درێژە
بەسەرکەوتنەکانى دەدات، بەڵام دۆخى بەرشەلۆنە بۆ ئەم یارییە هیچى لە دۆخى ریاڵ
کەمتر نیە، خێرایى دێمبڵى و تراورێ و لێهاتویى پیدرێ و فیران تۆرێس و ئەزمون و
کاریگەرى ئۆبامیانگى گابۆنى، دەکرێت بەر بە سەرکەوتەکانى قەڵاى سپى بگرن و لەناو
سەنتیاگۆ بە سێ خاڵەوە بگەڕێنەوە کامپ نیو.
لەبارەى یارییەکەوە، هەردو راهێنەر کارلۆ و چاڤى قسەى
خۆیان کرد، راهێنەرە ئەزموندار و سەرسپییەکەى مەدرید باسى لەوەکرد، بەبێ بنزیماش
دەتوانن لە بەرشەلۆنە ببنەوە، چاڤى ئەندازیارى بنیادنانەوەى بلوگراناش پێى وایە،
ئەوان توانیویانە لە یارییەکانى رابردوو مادام بە ئەنجامى گەورە لە ئەتڵەتیکۆ و
ڤیاریاڵ و ڤالانسیایان بردوتەوە، دەتوانن لە سەنتیاگۆش شکست بە ریاڵ بهێنن.
226 جار خوێندراوەتەوە