وێنە؛ په‌یكه‌رتاشێكی كه‌ركوك به‌رده‌كانی چه‌می خاسه‌ ده‌كاته‌ به‌رهه‌می هونه‌ری

KNN : Kurdish News Network
01:25 - 07/03/2022
گەلەری

په‌یكه‌رتاش كامه‌ران نه‌جاڕ كه‌ له‌ شاری كه‌ركوك ده‌ژی به‌رهه‌می هونه‌ری له‌و به‌ردانه‌ دروست ده‌كات كه‌ له‌ چه‌می خاسه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه، له‌ رێگای به‌رهه‌مه‌كانیشه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات گوزارشت له‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ بكات كه‌ رووبه‌ڕووی هاوڵاتیان بونه‌ته‌وه‌.

کامەران نەجاڕى تەمەن (54) ساڵ، هه‌ر له‌ گه‌نجێتییه‌وه‌ خولیای هونه‌ری په‌یكه‌رتاشی هەبووە، ماوه‌ی (37) ساڵه‌ له‌ پێشانگایه‌كی بچوكى لە گەڕەکەکەیان كردوەتەوە سه‌رقاڵی كاره‌ هونه‌رییه‌كانییه‌تی.

لەبارەى کارەکەیەوە، نەجاڕ دەڵێت: كاركردن له‌سه‌ر به‌رده‌كانی ئه‌و شاره‌ی تیایدا له‌ دایك بووه‌ و گه‌وره‌ بووه‌ هه‌ستێكی خۆشی پێ بەخشیوم.

كامه‌ران نه‌جاڕ به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌كانی چه‌می خاسه‌ زۆر پته‌ون، وتی،"به‌بێ گۆڕینی شێوه‌ی سروشتی به‌رده‌كان، كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م، بۆیه‌ هونه‌ردۆستان زۆر به‌دڵیانن".

ئەو باسى لە پاڵپشتى هاوسەر و خانەوادەکەى دەکات بۆ کارەکەیى و دەڵێت: به‌رده‌وام هاوسه‌ر و خانه‌واده‌كه‌م زۆر هانم ده‌ده‌ن له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا.

باسى لەوەشکرد، له‌ رێگای دروستكردنی ئه‌و په‌یكه‌ر و كاره‌ هونه‌رییانه‌ هه‌وڵ ده‌دات گوزارشت له‌ كێشه‌كان و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی وڵاتەکەى بکات.

نه‌جاڕ به‌ پێویستی زانی كه‌ ده‌وڵه‌ت پشتیوانی له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بكات و وتی، "راسته‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا عێراق له‌ دۆخێكی ناخۆشدایه‌، به‌ڵام پێویسته‌ پشتیوانی له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بكرێت. له‌ وڵاتانی وه‌ك فه‌ڕه‌نسا و ئیتاڵیاوه‌ داوام لێ كرا كاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌م، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت هونه‌ر له‌ وڵاتی خۆماندا به‌ره‌وپێش ببه‌م. ده‌مه‌وێت ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ناویان بردوون به‌رهه‌م بهێنمه‌وه‌ بۆ مۆزه‌خانه‌كانمان".

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ په‌یكه‌رتاشه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، له‌ كاتی ئه‌نجامدانی كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا نازانێت كات چه‌ند خێرا تێده‌په‌ڕێت، بەڵام بەدڵبونى کارەکانى لەلایەن خەڵکەوە بە هەستێکى دڵخۆشکەر وێنا دەکات.

کامەران نەجار، تائێستا بەشدارى لە پێنج پێشنەنگا کردووە له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق و چوار پێشانگای تایبه‌تیشى كردووه‌ته‌وه‌ و به‌رنامه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش داناوه‌ بۆ نیشاندانی ئه‌و په‌یكه‌ر و كاره‌ هونه‌رییانه‌ی له‌ به‌رده‌كانی خاسه‌ دروستى كردوون، پێشانگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بکاتەوە.

وێنە؛AA

204 جار خوێندراوەتەوە