لافاو لەگەڵ زیانەكانیدا هیوایەك بۆ نەمانی وشكەساڵی بە عێراق دەبەخشێت

KNN : Kurdish News Network
10:42 - 21/12/2021
ڕاپۆرت
+
-

بەرپرسانی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق جەختدەكەنەوە لەسەر ئەوەی شەپۆلی باران و لافاوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەرێمی كوردستان هیوایەكی بە نەمانی وشكەساڵی بەخشیوە كە بەهۆی بڕینی سەرچاوەی ئاوی ڕووبارەكان لەلایەن ئێرانەوە دروستبوو.

بارینی ئەو بڕە زۆرەی باران لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك و نەینەوا و سەلاحەدین، بڕی ئاوی تاڕادەیەك زیادكردووە و پێشبینیش دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەپۆلی دیكەی هاوشێوە ناوچەكە بگرێتەوە، بەوەش دۆخەكە باشتر دەبێت.

گەڕانەوەی ئەو هیوایە دوای ئەوە دێت كە بەرپرسانی عێراق پێیان وابوو گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ ئێران لەبارەی ئاوەوە مەحاڵەوە و هیچ هیوایەك نییە ئەو وڵاتە سەرچاوەی ڕووبارەكان بەرباتەوە كە دێنە عێراق.

مەهدی ڕەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، لافاو لە پارێزگاكانی سەلاحەدین و نەینەوا سودی هەبووە، بەنداوی دبس بڕێكی باش ئاوی تێدا كۆبۆتەوە، ئەو ئاوەش بە شێوەیەكی ستونی درێژ دەبێتەوە بۆ ڕوباری دجلە".

"تەواوی ئەو ئاوە لە ڕوباری دیجلەوە دەچێتەوە دەریاچەی سەرسار، لەوێ گلدەدرێتەوە و دەتوانێت قەرەبوی ئەو ماوەی وشكە ساڵییەی پێبكرێتەوە" وەزیری سەرچاوەكانی ئاو وادەڵێت.

حەمدانی باسی لەوەشكردووە، وەزارەتەكەیان دەیەوێت سود لەسەرجەم ئاوی لافاوەكە وەربگرێت، چونكە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی تاوەكو قەرەبوی ئەو یەدەكە بكرێتەوە كە لەدووساڵی ڕابردوودا بەهۆی وشكەساڵییەوە كەمیكرد.

مەهدی ڕەشید حەمدانی جەختیكردۆتەوە لەسەر ئەوەی ئەم شەپۆلی باران و لافاوە سەرەتای كۆتایی ئەو وشكەساڵییە كە وڵات بۆ سێ وەزیری یەك بەدوای یەكدا پێیدا تێپەڕی.

لای خۆیەوە عەونی زیاب ڕاوێژكار لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو باسی لەوەكردووە، باران بارین هیوایەكی پێبەخشیون بۆ كەمكردنەوە كاریگەرییەكانی وشكەساڵی، جەختی لەوەشكردۆتەوە گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر دۆسییەكانی ئاو مەحاڵە.

زیاب بە كەناڵی عێراقییەی ڕاگەیاندووە "هیوامان هەبوو ئێرانی دراوسێ وەڵامی بۆ عێراق هەبێت، بڕیاربوو لەمانگی حوزەیرانی ڕابردوودا كۆبونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەبێت، بەڵام هیچ لێكتێگەیشتنێك نەبوو بۆیە ئەنجام نەدرا".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران خۆی گرفتی وشكەساڵی هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تێگەیشتن لەوبارەیەوە نەبێت، هاوكات گۆڕینی ڕێڕەوی سەرچاوەی ڕوبارەكان پێشێلكاری نێودەوڵەتییە، بۆیە دەبێت ئێمە بەشی خۆمانمان بدەنێ.

"ئەوەی حوكمی دۆسیەی ئاو دەكات لەگەڵ ئێران ڕێكەوتننامەی جەزائیرە، كە دەبێت ڕوبارە هاوبەشەكان بەڕێژەی 50% لەنێوان هەردوو وڵاتدا دابەش بكرێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێران بگەینە ڕێكەوتن، بەڵام تائێستا هیچ چاوپێكەوتنێكمان لەوبارەیەوە ئەنجام نەداوە" عەونی زیاب وادەڵێت.

ڕاوێژكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو جەخیكردۆتەوە لەسەر ئەوەی "90% زەوییە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای دیالە لە خزمەت دەرچوون بەهۆی وشكەساڵییەوە، بۆیە چەند بڕیارێكی تایبەت دەركراوە بۆ دابینكردنی ئاوی خوادنەوە، هەروەها ئاوی دیجلە گواستراوەتەوە بۆ ئاودانی بێستانەكان، لەگەڵ هەڵكەندنی بیر بۆ دەستكەوتنی ئاو".

ئەوانە لە كاتێكدایە ئێران سەرجەم ئەو ڕێگا چارەسەرانەی ڕەتكردۆتەوە كە لەلایەن عێراقەوە لەبارەی دۆسیەكانی ئاوەوە پێشكەشی كراوە.

راپۆرت؛ وریا فەتاح

789 جار خوێندراوەتەوە