لەشاری پاریسی فەرەنسا
ئاهەنگی بەخشیتی خەڵاتی تۆپی ئاڵتویی بەڕێوەچوو، لیۆنێل میسی توانی گرەوەكە لە لیڤاندۆڤسكی
بباتەوەو بۆ جاری حەوتەم لەمێژوویدا بەدەستی بهێنێت، بەوەش بووە یەكەم یاریزان لەمێژوودا
بەو ژمارەیە بگات، دۆنارۆماش خەڵاتی باشترین گۆڵچی جیهانی بردەوە.
شاری پاریسی پایتەختی
فەرەنسا یەكێك لەگەورەترین كەرنەڤاڵەكانی تۆپی پێ لەخۆی گرت، ئەویش ئاهەنگی بەخشینی
تۆپی ئاڵتونیی ناسراو بە بالۆن دۆرە كە لە ساڵی (1956)ەوە گۆڤاری فرانس فتبۆڵ بەپشت
بەست بەدەنگی رۆژنامەنووسانی جیهان دەیبەخشێت و وەك باشترین یاریزانی ساڵ ناودەبرێت.
لەگەڵ نزیكبوونەوە
لەكاتی ئاشكراكردنی ئەو یاریزانەی تۆپە ئاڵتونییە (12) كیلۆییەكە دەباتەوە، پاڵێوراون
بۆ بەدەستهێنانی كەمدەبووە، سەرەتا بڵاوبونەوەی هەواڵی ئامادەنەبوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆ
محەمەد سەڵاح و كەریم بنزیمە، وایكرد ئاماژەكان بۆ ئەوە بچن كە ركابەری راستەقینە
لە نێوان لیۆنێل میسی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسكیدا دەمێنێتەوە.
دیدیە درۆگبای ئەستێرەی
پێشووی هەڵبژاردەی كۆتدیڤوار و یانەی چێڵسی لەناو نامەیەكدا ناوی لیۆنێل میسی دەرهێنا و وەك براوەی خەلاتی بالۆن دۆر دیاریكرا،
كە حەوتەم جارە لەمێژوویدا ئەو یاریزانە ئەرجەنتینیە دەبێتە باشترین یاریزانی جیهانو
ئەوەش ژمارەی پێوانەییە كە هیچ یاریزانێك بەو ژمارەیە نەگەیشتوە، نزیكترین ركابەریش
لێوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆیە كە خاوەنی پێنج تۆپی ئاڵتونیە.
نەدەكرا گۆڤاری
فرانس فتبۆڵ رێز لەماندووبونی ئاستە بەرزەكەی لیڤاندۆڤسكی نەگرێت لەساڵی (2021) بۆیە
ئەو گۆڤارە بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا خەڵاتێكی زیادكرد كە ئەویش خەڵاتی باشترین هێرشبەری
جیهانەو لیڤاندۆڤسكی ئەستێرەی بایرن میونخیش خەڵاتەكەی بردەوە.
لەسەر ئاستی
باشترین گۆڵچی جیهانیش، ململانێیەكە لەنێوان دۆنارۆمای پاڵەوانی یۆرۆی ئیدواردۆ مێندیی پاڵەوانی چامپیۆنس لیگ بوو، بەڵام
لەكۆتایدا گۆڵچیەكەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا خەڵاتەكەی بەدەستهێناو بەباشترین گۆڵچی جیهان
لەلایەن فرانس فتبۆڵەوە دیاریكرا.
پێدریی یاریزانی
یانەی بەرشەلۆنەش كە لەسەرەتای تەمەنیدایەو چاوەڕێی داهاتوویەكی گەشی لێ دەكرێت،
وەك باشترین یاریزانی لاوی جیهان لە ساڵی (2021) دیاریكراو ئەوەش یەكەم جارە ئەو
خەڵاتە بەدەست دەهێنێت.
لەبەشێكی تری
ئاهەنگەكەدا، فرانس فتبۆڵ، بالۆن دۆری بۆ كچانیش دانا و وەك باشترین یاریزانی جیهان
پێناسەی كرد، ئەڵكسیا پۆتیاسی ئیسپانیو یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە خەڵاتەكەی بردەوە.
یانەی چێڵسی پاڵەوانی
چامپیۆنس لیگیش بێبەش نەكرا لەخەلاتەكانی فرانس فتبۆڵو خەڵاتی باشترین یانەی لە
ساڵی (2021)دا پێبەخشرا، كە ئەو یانەیە لەسەر دەستی تۆماس تۆخێلی راهێنەر بەگەورەیی
دەركەوتو توانی لە وەرزی رابردووداو دوای دورخستنەوەی فرانك لامپارد بەبەهێزی بگەڕێتەوە
و ببێتە گەورەی ئەوروپا.
338 جار خوێندراوەتەوە