هەموو شتێک لەبارەی خەڵاتى باڵۆن دۆر

KNN : Kurdish News Network
07:41 - 29/11/2021
وەرزش

ئەمشەو كاتژمێر( 10:30 ) خولەك بەكاتی هەولێر، چاوی هاندەرانی تۆپی پێ‌ لەسەر پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەبێت، بۆ بینینی ئاهەنگی خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵی 2021، كە تێیدا باشترین یاریزانی ساڵ ئاشكرا دەكرێت.

سەرەتا بیرۆكەی بەخشینی خەڵاتی باشترین یاریزان لە ساڵی (1956) لەلایەن (جاك فران) و كۆمەڵێك هاوڕێی لە گۆڤاری (فرانس فوتبۆڵ)ی فەرەنسییەوە بوو، دواتر و لە ساڵی (2010)ەوە بە هاوبەشی لەگەڵ فیفا خەڵاتەكەیان دابەش دەكرد، لەگەڵ زیادكردنی چەند خەڵاتێكی دیكە.

سەرەتا خەڵاتەكە تەنیا بۆ ئەو یاریزانانە بوو، كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپی بوون، تا ساڵی (1994)، بەڵام بوونی چەند ئەستێرەیەكی وەك (پێلێ و مارادۆنا) ئەوەی هێنایە ئاراوە، كە ناكرێت ئەو یاریزانە گەورانە لە خەڵاتی باشترین یاریزان بێبەش بن. بە بۆچوونی زۆرێك لە پسپۆران و چاودێرانی وەرزشی، پێلێ دەبوو حەوت جار ببێتە براوەی تۆپی ئاڵتوونی، چونكە لە ساڵەكانی (1958 تا 1970) بێ ركابەر بووە لە تۆپی پێدا.

لەسەرەتادا لیژنەیەكی (16) كەسی باشترین یاریزانەكانیان دیاری دەكرد، دواتر گۆڕانكاریی لە لیژنەكەدا كرا و پرۆسەی دیاریكردنی باشترین یاریزان فراوانتر كرا.

لە ساڵی (1990)ەوە رۆژنامەنووسانی وەرزشی بۆ زیاد كرا و ساڵی دواتریش گۆڕانكاریی لە یاریزانە پاڵێوراوەكاندا كرا و رێگە درا یاریزانانی ئەمەریكای باشوور و ئەفریقاشی بۆ زیاد بكرێت، بە تایبەت ئەوانەی لە یانەكانی ئەوروپادا یارییان دەكرد، بەڵام دیسان ناڕەزایی لەسەر ئەوە هەبوو، كە چەند یاریزانێكی دیكەی گەورە هەن لەدەرەوەی یانەكانی ئەوروپا پێویستە خەڵاتەكە ببنەوە، جۆرج ویای لیبیریش یەكەم یاریزانی بیانی بوو، كە ئەو نازناوەی لە ساڵی (1995) بردەوە.

 

هەر لەو ساڵە و دوای تەواوبوونی جەنگی بەڵكان، یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا ژمارەی ئەندامەكانی كردە (52) وڵات، بەو هۆیەشەوە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (فرانس فوتبۆڵ) بڕیاریاندا (50) یاریزان دەستنیشان بكەن و لەنێویاندا (5) یاریزان بۆ قۆناغی كۆتایی بمێننەوە، لەگەڵ ئەمەشدا چەند پێوەرێكی بۆ هەڵبژاردنی یاریزانەكە دیار كرد، كە گرنگترینیان (دەستكەوتە كەسی و كۆمەڵەییەكان لە ماوەی یەك وەرزدا، شوێنی یاریكردن و ئاست و گرنگیی لەو شوێنەدا، لەگەڵ رەفتارەكانی لەنێو یاریگادا، هەروەها ژمارەی گۆڵەكانی و كەسێتی و كاریگەریی لە تیپەكەی)دا.

 

لە ساڵی (2007) جارێكی دیكە گۆڕانكاری لە دەنگدەراندا كرا و (96) كەس بۆیان هەبوو دەنگ بدەن، ئەوانیش هەموو ئەندامانی یەكێتییە ئەوروپییەكان لە یوفا بوون، نازناوی ئەو ساڵەش بووە بەشی ڕیكاردۆ كاكای بەرازیلی و یاریزانی یانەی ئەی سی میلان.
دوای سێ ساڵ و لە ساڵی (2010) یەكێتی تۆپی پێی جیهان و (فرانس فوتبۆڵ) بڕیاریاندا ساڵانە بەیەكەوە خەڵاتەكە دابەش بكەن، بەمەش بازنەی دەنگدەران فراوانتر كرا و هەموو یاریزانێك مافی ئەوەی هەبوو ببێتە براوەی خەڵاتەكە، بەو مەرجەی وڵاتەكەی ئەندامی یەكێتییەكە بێت، بەڵام دواجار لە ساڵی (2016 )فیفا و گۆڤاری فرانس فتبۆڵ لەیەك جیابوونەوە و لەوەكاتەوە گۆڤارە فەرەنسییەكە بەجیا و بە شێوازی تایبەتی خۆی خەڵاتەكە دابەش دەكات.

 

لە ناوەراستی ئەمساڵ دەستەی نوسەرانی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ناوی( 30 ) یاریزانی پاڵێوراوی بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بۆ ساڵی 2021 بڵاوكردەوە، كە دواتر بۆ 10 یاریزان كەم كرایەوە و ئێستاش ركابەرییەكە لەنێوان پێنج یاریزان كۆبۆتەوە كە بریتین لە: كەریم بنزیما و جۆرجینهۆ و رۆنالدۆ و میسی و لیڤاندۆڤسكی، بەڵام هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی ئێستا ركابەرییەكە لەنێوان میسی و لیڤاندۆڤسكیدایە ، كە دەوترێت ئەگەر لیۆ جامی كوپا ئەمریكای نەبوایە ئەوە دەرفەتێكی گەورە لەبەردەم لیڤادابوو تۆپە ئاڵتوونییەكە بباتەوە، چونكە هیچ یاریزانێك هێندەی ئەو گۆڵی نەكردووە و تیپ و یانەكەشی نازناوی نەبردۆتەوە.

 

هەرچەندە تەواوی میدیا و میدیاكارانی وەرزشی سەرەنجی خۆیان لەسەر خەڵاتەكە و براوەی خەڵاتەكە وتووە و بەشێكی زۆر نوسییانە میسی خەڵاتەكە بۆ جاری حەوتەم دەباتەوە و چانسی لیڤا كەمە بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە، بەڵام لە كۆتایدا باسكالی سەر نووسەری گۆڤارەكە هاتە قسەو وتی: تەنیا من و یاریزانەكە دەزانین كێ‌ خەڵاتەكەی بردۆتەوە، هەروەها دیدارێكی رۆژنامەوانی دوردرێژمان لەگەڵ هەڵگری نازناوەكەدا ئەنجام داوە و ئەوەی دەوترێت هەموو دەنگۆیە و دوورە لە راستی.

دەستنیشانكردنی خەڵاتی باشترین یاریزان لەرێگەی دەنگدانی راستەوخۆی (180) رۆژنامەنوسەوە دەبێت، كە هەموویان ئەندامی یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتین. لیستی دەنگدەرانیش نهێنی دەبن، بەپێچەوانەی دەنگدانی خەڵاتی زە بێستی فیفا كە لەكۆتاییدا لیست و ناوی دەنگدەران ئاشكرا دەكەن.

 

  1. ئامادەکردنى - بەشى وەرزشى کەناڵى (KNN)
413 جار خوێندراوەتەوە