فەرماندەیى
ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانى عێراق دواین زانیارى لەبارەى کشانەوەى هێزە شەڕکەرەکەکانى
ئەمەریکا لە عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت زۆرینەیان عێراقیان جێهێشتوە.
لیوا تەحسین
خەفاجى، وتەبێژى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانى عێراق لە
لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراق رایگەیاند، دۆسیەى کۆتایى هاتنى بوونى
هێزە بیانییەکان لە عێراق بەپێى ئەو خشتەیەى کەدانراوە بەڕێوەدەچێت، لە ئێستادا
هیچ بنکەیەکى سەربازى بیانى لە عێراقدا نەماوە جگە لە بەشێکى کەم لە بنکەى عەین
ئەسەد.
راشیگەیاند،
زۆرینەى هێزە شەڕکەرە بیانییەکان عێراقیان جێهشتوە، تەنها راوێژکارە سەربازییەکان
لە عێراق ماونەتەوە لە بوارى راوێژکارى و هەواڵگرى و بەدواداچون و مەشق و
راهێناندا کاردەکەن.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ئەو بەشە کەمەى هێزە بیانییەکان کە لە عێراق
ماونەتەوە لە ماوەى (15) رۆژدا دەکشێنەوە، جگە لەوانەى کە ئەرکەکیان دەگۆڕێت بۆ راوێژکارى
و پێشکەشکردنى زانیارى و پاڵپشتى کردنى هێزە ئەمنییەکانى عێراق.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتەبێژەکەى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى
عێراق رایگەیاند، خشتەیەک دانراوە بۆ ئەوەى هێزە بیانییەکان چەک و کەرەستە
سەربازییەکانیان رادەستى هێزەکانى عێراق بکەن.
بەپێى رێککەوتنى نێوان عێراق و ئەمەریکا، پێویستە تاکۆتایى ئەمساڵ سەرجەم
هێزە شەڕکەرە بیانییەکان عێراق جێبهێڵن،
ئەرکى هێزە بیانیەکان دەگۆڕیت بۆ راوێژکارى ومەشق و راهێنان بە هێزەکانى عێراق.
357 جار خوێندراوەتەوە