ئیدارەى گەرمیان بڕیارى نوێى بۆ خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا و وەرگرتنى ڤاکسین دەرکرد

KNN : Kurdish News Network
06:36 - 27/10/2021
کوردستان
+
-

ئیدارەى گەرمیان رێوشوێنەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا تونددەکاتەوە، هاوشێوەى ناوچەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان مامۆستایان وفەرمانبەران و خوێندکارانى سەرو تەمەن (18) ساڵ ناچاردەکات بە وەرگرتنى ڤاکسین.

 

بەپێى راگەیەنراوێکى ئیدارەى گەرمیان، ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان کۆبونەوەیەكی تایبەتی بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پرۆسەی وەرگرتنی ڤاكسین ئەنجامدا و بۆ ئەو مەبەستەش نۆ بڕیارى دەرکرد.

بڕیارەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

 
1. جەختكردنەوە لەجێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بەیانی ژمارە (٣١)ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە رێكاری نوێی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە.

2. بڕیاردرا لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت و ناوەندەكانی خوێندن و كەرتی تایبەت و شوێنە داخراوەكان،  هاوڵاتیان پابەند بكرێن بە بەستنی ماسك و گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزیی.

3. سەرجەم مامۆستایانی (پەروەردە و خوێندنی باڵا) و خوێندكارانی سەروی (١٨) ساڵ لەسنوری ئیدارەی گەرمیان پابەند دەكرێن بە وەرگرتنی ڤاكسین تا بەرواری (١/١٢/٢٠٢١).

4. بڕیاردرا بەگرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن فەرمانبەران و كارمەندانی ئەمنی. كارمەندان و كرێكارانی كەرتی تایبەتیش پێویستە ڤاكسین وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستە لیژنە هابەشەكانی قایمقامیەتەكان بەدواداچوون دەكەن و رێكارەكان دەگرنەبەر.

5. دانانی پرسە لە هۆڵەكان و گەڕەكەكان بە دانانی خێمە، بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و هەر هاوڵاتیەك پابەند نەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

6. سەرجەم شۆفێر و سەرنشینی هێڵەكانی گواستنەوە و تاكسی، پابەند دەكرێن بە بەستنی ماسك، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی هاوبەشی هاتوچۆ و گواستنەوە رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر.

7. چڕكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لەمزگەوتەكاندا و پێویستە مامۆستایانی ئاینی و نوێژخوێنان پابەندبن بە گرتنەبەری رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەكان، بەپێچەوانەوە رێكاری پێوستیان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

8. بەبێ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و تێستی (pcr) رێگە بەهیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەك نادرێت، بەپێچەوانەوە رێكاری پێویست بەرامبەر رێكخەرانی كۆبونەوەكان دەگیرێتەبەر بەپێی یاسای تەندروستی گشتی.

9. ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان دەسەڵات دەداتە قایمقامیەتی قەزاكان بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی ناوەرۆِكی ئەم راگەیەندراوە

426 جار خوێندراوەتەوە