ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوەوە و پرسى دابینکردنی
نەوتی سپی و بەنزین و چەند بابەتێکى دیکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوەوە و بەپێى
راگەیەنراوى کۆبونەوەکە ئەنجومەنى
وەزیران جەختى کردۆتەوە کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە،
لە پەرلەمانی عێراق، بەیەکەوە یەکگرتوانە و بەهەماهەنگیی و یەکڕیزی، کاربکەن لە پێناو
داکۆکیکردن لە شایستە ومافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، دور لە ململانێی ناوخۆیی.
دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک
لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو جیاوازیی وڕەنگەکانەوە، بۆ
درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی
ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان .
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان،
راپۆرتێکی پێشکەش کردووە كە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی
بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی
نەوتی حکومەتی فیدراڵی .
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی
و بەدواداچوون، راپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی
چاکسازی و رێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستوەتەڕو، کە چەندین راسپاردەی
تێدابوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە پێناو بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی وپڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە.
لە کۆتایی
کۆبوونەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە راسپاردنی هەر یەک لە وەزیری داد، وەزیری
هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی
وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی
پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون
و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە.
2646 جار خوێندراوەتەوە