ئایا پێویستمان بە ژەمی سێهەمی ڤاكسینی كۆرۆنا دەبێت؟

KNN : Kurdish News Network
11:19 - 26/09/2021
تەندروستی
+
-

دروستكردنی چەند ڤاكسینێكی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا؛ هیواى بۆ جیهان گێڕایەوە، زۆرینە پێیانوایە ئەوە سنورێك بۆ ڤایرۆسەكە دادەنێت.

زۆرینەی ئەو ڤاكسینانەی دژی كۆرۆنا دروستكران لە دوو ژەم پێكهاتوون، بەجۆرێك لەماوەی دوای 21 ڕۆژ بۆ مانگێك لە وەرگرتنی یەكەمیان، ژەمی دووەمیش وەردەگیرێت، لەئێستاشدا پرسیارێكی زۆر دەكرێت لەبارەی ئەگەری پێویستی وەرگرتنی ژەمی سێهەمی ڤاكسینەكە، كە ئایا وەرگرتنی دوو ژەمەكە بەسە بۆ خۆپارێزی، یاخود دەبێت ژەمی سێهەمیش وەربگیرێت؟

ئەنتۆنی فاوچی گەورە پسپۆڕی ئەمریكی بواری نەخۆشییە گواستراوەكان پێوایە ئەمریكییەكان پێویستیان بە وەرگرتنی ژەمی سێهەم دەبێت بۆ ئەوەی بەتەواوی لە مەترسییەكانی نەخۆشی كۆڤید 19 پارێزرابون.

فاوچی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەكرد، بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە لای بەڕێوبەرایەتی خۆراك و دەرمانییە ئەمریكی و ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی و خۆپارێزییە.

ئەو پسپۆڕە پێیوایە ژەمی سێهەم پێویستە بۆ ئەوەی پارێزگاری و بەرگری درێژخایەن لە لەشدا پەیدا ببێتە و ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسییەكانی كەمتربێتەوە.

لێدوانەكانی فاوچی لەكاتێكدایە، دەزگا تەندروستییەكانی ئەمریكا ئامادەكاری دەكەن بۆ بەكارهێنانی پێكوتەیەكى دیكە بۆ ئەو ئەمریكیانەی هەردوو ژەمەكەی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.

پێكوتەكە هاوشێوەی ڤاكسینەكانی فایزەر و مۆدێرنا دروستكراوە و دوای پێنج بۆ هەشت مانگ لە وەرگرتنی ژەمی دووەم بەكاردەهێنرێت و ئێستا دەزگا تەندروستییەكان چاوەڕێی مۆڵەتی بەڕێوبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی دەكەن.

هاوكات ئەمریكا توێژینەوە لەسەر ئەگەری پێویستی بەكارهێنانی ڤاكسینی جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن دەكات لە وڵاتەكەیدا، كە یەكێكە لەو ڤاكسینانەی تەنیا لە ژەمێك پێكهاتووە.

692 جار خوێندراوەتەوە