هاوڵاتییەکى بەڕازیلى لە ترسى توشبون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، لەماوەى (10)
هەفتەدا پێنج ژەمى ڤاکسینى کۆرۆناى وەرگرتووە و لەکاتى وەرگرتنى ژەمى شەشەم
دەستگیرکرا.
ئاژانسى هەواڵى سپوتنیک-ى روسى لەزارى میدیاکانى بەڕازیلەوە بڵاویکردەوە،
هاوڵاتییەکى بەڕازیلى لەکاتى وەرگرتنى شەشەم ژەمى ڤاکسینى کۆرۆنا دەستگیرکرا.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکردن ئەو کەسە لە نێوان (12)ى ئایار بۆ (21) تەموز
پێنج جار ڤاکسینى وەرگرتووە، کە یەک ژەم ئەسترازینکا و دوو ژەم ڤاکسینى کۆرۆناڤاک
و دوو جاریش ڤاکسینى فایزەرى وەرگرتووە و دواجار (16)ى ئەم مانگە لە کاتى وەرگرتنى
ژەمى شەشەم دەستگیرکراوە.
لەئێستادا بەدواداچونى وەزارەتى تەندروستى بەڕازیل لەسەر ئەو کەسە
بەردەوامە، بۆ ئەوەى وەڵامى ئەوە بداتەوە کە چۆن توانیویەتى لەماوەى (10) هەفتەدا
پێنج ژەمى ڤاکسین وەربگرێت و بۆچى ئەوەندە بە شوێن وەرگرتنى ڤاکسینەوە بووە.
میدیاکانى بەڕازیلیش ئاماژە بەوە
دەکەن، ئەو کەسە سودى لە تێکچونى سیستمى ئەلیکترۆنى ڤاکسین پێدانى بەڕازیل
وەرگرتووە و لە چەند بنکەیەکى جیاواز ژەمەکانى ڤاکسینى وەرگرتووە.
باسیان لەوەشکردووە، پێدەچێت ترس لە توشبون بە ڤایرۆسەکە کەسەکەى ناچار
کردبێت هەموو جۆرەکانى ڤاکسین وەربگرێت تا خۆى لە نەخۆشیەکە بپارێزێت.
وەرگرتنى پێنج ژەمى ڤاکسین لەلایەن ئەو هاوڵاتییە بەڕازیلییە لە کاتێکدایە،
زۆرێک لە هاوڵاتیانى جیهان خۆیان لە وەرگرتنى ڤاکسین دەدزنەوە.
بەڕازیل کە ژمارەى دانیشتوانى (212) ملیۆن کەسە، تائێستا (58%)ى
دانیشتوانەکەى یەک ژەم و (25%)ى دانیشتوانەکەى دوو ژەمى ڤاکسینى کۆرۆنایان
وەرگرتووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، تائێستا زیاتر لە (20) و ملیۆن (500) هەزار هاوڵاتى
بەڕازیلى توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش (573) هەزار کەسیش
گیانیانلەدەستداوە.
764 جار خوێندراوەتەوە