هێرشى خێراى چەکدارانى
تاڵیبان و بەرگرى نەکردنى سوپا و هێزە ئەمنیەکانى سەر بە حکومەتى ئەفغانستان بابەتێکە
کە بۆمیدیاکانى جیهان و ناوەندە سیاسیەکان بوەتە جێى سەرنج، ئەوەش لەسەر ئەو
بنەمایەى ژمارەى سەربازانى سوپاى ئەفغانستان پێنج هێندەى ژمارەى چەکدارانى تاڵیبانە، ئەوە جگە لەوەى ماوەى (20) ساڵە ئەمەریکا وزە و پارە بەهەدەر دەدات
بۆ ئامادەکردنى هێزێکى رێکخراو و شەڕکەر لە ئەفغانستان.
ئەوەى لە ئەفغانستان
روویدا جگە لە دەرخستنى لاوازى و بێتوانایى حکومەتى ئەفغانستان، قەبارەى ئەو گەندەڵیەى
بە روونى دەرخست کە لە ریزى سوپا و هێزە ئەمنیەکانى ئەو وڵاتەدا هەبووە، ئەو گەندەڵیەى دواجار سەرى بەرپرسەکانى خوارد و ئەفغانستانیشى لەسەرسینیەک
پێشکەشى بزوتنەوەى تالیبان کردەوە.
رۆژنامەى نیۆیۆرک
تایمزى ئەمەریکى، لە راپۆرتێکدا هۆکارە سەرەکیەکانى کەوتنى یەک لە دواى یەکى ناوچەکان
و بەرگرى نەکردنى سوپا وهێزە ئەمنیەکانى خستوەتەڕوو، بەپێى ناوەڕۆکى ئەو راپۆرتە گەندەڵى
و پەراوێزخستنى سوپا و هێزە ئەمنیەکان بەتایبەتى لەناوچە دورەدەستەکان لەلایەن
کاربەدەستانەوە هۆکاربوە بۆئەوەى لە سەرەتاى هێرشەکانى تاڵیباندا سوپا و هێزە ئەمنیەکان
لە بەرامبەر پاراستنى گیانیاندا ئامادەبن چەکەکانیان رادەستى چەکدارانى تاڵیبان بکەن،
چونکە ئەو هێزانە نەک پاڵپشتى سەربازى تەنانەت خۆراکى پێوستیشان لەبەردەستدا نەبووە.
وەک نمونەیەکى بێباکى کاربەدەستانى ئەفغانستان لە راپۆرتەکەدا
باس لە دۆخى سەنگەرێکى بەرەى شەڕکراوە کە ئەرکى سەربازانى ئەو سەنگەرە بەرگریکردن بووە لە شارى قەندەهار کە یەکێکە لە گەورەترین
شارەکانى ئەفغانستان، لە بەرامبەر ئەو ئەرکە قورسەشدا سەربازەکان دواى چەند
هەفتەیەک لە شەڕکردن تەنها پەتاتەیان پێدراوە، بەڵام بەهۆى نەبونى خۆراکى پێویست و
ماندبونى زۆرەوە نەیناتوانیوە بەرگرى بکەن، لە کۆتاییدا ئەوشارە لە رۆژى پێنج شەممەى
رابردوودا کەوتە دەست چەکدارانى تاڵیبان.
بونى ژمارەیەکى
زۆرى بندیوار لە ریزى سوپا و هێزە ئەمنیەکانى ئەفغانستاندا هۆکاریکى دیکەى شکستى خێراکەى
ئەو هێزانەبوو.
راپۆرتەکەى رۆژنامەى
نیویۆرک تایمز بە روونى باسى لەم دیاردەیە کردوە، لەوبارەیەوە ئاماژەى بەوەداوە کە
ئەو دیاردەیە ناڕەزایى توندى پۆلیس و سەربازانى ئەفغانستانی لێکەتبۆوە لە هەمانکاتدا
کاربەدەستان بێ دەنگیان هەڵبژاردبوو لەکاتێکدا دەیانزانى ژمارەى راستەقینەى هێزەکان
زۆر کەمترە لەوەى کە لە تۆمارەکانداهەیە، بەڵام بەهۆى تێوەگلانیان لە گەندەڵى ئەو
دیاردەیەیان قبوڵکردو بێ دەنگیان هەڵبژارد.
لە راپۆرتەکەدا
ژمارەى راستەقینەى هێزە چەکدارەکان و ژمارەى وەهمیەکەشیان خراوەتەڕوو، لەوبارەیەوە ئاماژە کراوە بۆ
ئەوەى ژمارەى هێزە چەکدارەکان بە (300) هەزار کەس تۆمار کراوە، بەڵام لەم رۆژانەى
دواییدا ژمارەى راستەقینەى هێزە چەکدارەکان تەنها یەک لەسەر شەشى ئەو ژمارەیە
بووە.
ئەو هۆکارانە یارمەتى
بزوتنەوەى تاڵیبانیدا کە بەر لەجەنگى مەیدانى جەنگى دەرونى لەبەرامبەر ئەندامانى هێزە
چەکدارەکانى ئەفغانستان بەرپا بکات، هاوشێوەى سەرکەوتنەکەى لەشەڕى مەیدانیدا،
لەوشەڕەشدا سەرکەوتنى بە دەستهێنا.
عەباس تەوەکولى
کە فەرماندەیەکى سەربازى سوپاى ئەفغانستانە لەو باریەوە بە رۆژنامەکەى راگەیاندوە، هیچ هەرێمێک
لە ئەنجامی شەڕدا نەکەوت، بەڵکو لە ئەنجامی شەڕی دەروونیدا کەوتن.
بۆ ئەو شەڕە
دەرونیەش بزوتنەوەى تاڵیبان سودى لە تەکنەلۆژیاى سەردەم وەرگرت و لەڕێى سۆشیال میدیاوە،
ڤیدیۆى ئەو ناوچانەى بڵاودەکردەوە کە کۆنتۆڵى دەکرد، نەک هەر ئەوە بەڵکو ڤیدیۆى خۆڕادەستکردنى سەربازان و تاڵانکردنى ماڵى
بەرپرسان و ژەنەراڵەکانى سوپاشى بڵاودەکردەوە.
لەماوەى دوو دەیەدا
ئەمەریکا زیاتر لە (83) ملیار دۆلارى بۆ مەشق و راهێنانى ئەو هێزانە خەرجکردوە، ئەوە
لەکاتێکدا بەپێى قسەى جۆبایدنى سەرۆکى ئەمەریکا لەماوەى (20) ساڵى رابردوودا زیاتر
لە یەک ترلیۆن دۆلاریان بۆ ئەفغانستان خەرج کردووە، بەڵام ئەوەى
ئێستا لە ئەفغانستان روودەدات جگە لە شکستى بەرپرسانى ئەو وڵاتە لە ئیدارەدانى وڵاتەکەیان،
ئەو راستیەش دەسەلمێنێت کە هەوڵی (20) ساڵی رابردووى ئەمەریکا بۆ بنیاتنانەوەی سوپای
ئەفغانستان و ئامادەکردنیان وەک هێزێکی شەڕکەری بەهێز و سەربەخۆ شکستی هێنا.
راپۆرت / نەبەز محەمەد
1114 جار خوێندراوەتەوە