دیالۆگى ستراتیژی ئەمریکا و عێراق بەڕێوەدەچێت

KNN : Kurdish News Network
08:17 - 21/07/2021
عێراق
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێودەچێت و پرسی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت.

 

 بە مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق، کە بڕیارە 23ی تەمموز بەڕێوەبچێت، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتووەتە ئەمریکا.

 

بڕیارە رۆژی (23)ی تەمموز، گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەڕێوەبچێت و، تیایدا بەغدا و واشنتۆن تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، هەماهەنگییەکانیان، هەژموونی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق تاوتوێ دەکەن.

 

لەلایەکی دیکەوە نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کۆتایی ئەم هەفتەیە دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە بارەی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانمان بەڕێوەدەچێت.

 

پێشتریش، لەراگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی بەغدا و واشنتۆن، رەوشی ئەمنیی و سیاسی عێراق، هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وڵاتە لە عێراق، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان دەبێت.

557 جار خوێندراوەتەوە