ئەو شلەی قەیسیەی بەیانی جەژن دەیخۆیت ئەم كاریگەرییانەی لەسەر جەستەت هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:08 - 19/07/2021
هەمەڕەنگ
+
-


ئامادەكردنی نانی بەیانی جەژن لە كوردستان نەریتێكی  كۆنە، شلەی قەیسیش بە پێكهاتەی سەرەكی خوانی بەیانی جەژن دادەنرێت، تەنانەت بەشێكی ئەوانەش كە حەز بەخواردنی ناكەن شلەكە لەگەڵ چەند جۆرێك شلەی دیكەدا ئامادە دەكەن، چونكە قەیسی بۆتە شای سەر سفرەی جەژنان و زۆر كەس بێ خواردنی هەست ناكەن جەژنیان كردووە.

ئەو خواردنە كوردەوارییە كۆنە، لە قەیسی وشك ئامادە دەكرێت و گۆشت و گوێز و بادەم و هەروەها لەتكە نۆك و دۆشاوی تێدەكرێت، بەشێكی خێزانەكان بە ترشی حەز بە خواردنی دەكەن، بەشێكی دیكەشیان بۆ شیرینكردنی شەكری تێدەكەن.

ئەو قەیسی وشكەی شلەكەی لێ ئامادە دەكرێت، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (A) كە سودی بۆ تەندروستی چاو و پێست هەیە، هەر ئەوەش لە میوە وشكەكانی دیكەی جیادەكاتەوە، هەروەها بڕێكی زۆر پۆتاسیۆم و ئاسنى تێدایە كە فشاری خوێن هاوسەنگ دەكەن و ووزە وتوانا بە جەستە دەبەخشن.

ماددە ڕیشاڵییەكانی پێكهاتەی قەیسی دەبنە هۆی كەمكردنەوەی كێشەكانی كۆئەندامی هەرس، هەروەها كالسیۆمی تێدایە ئەویش بۆ بەهێزكردنی ئێسك و ماسولەكەكان گرنگە، ئەمە جگە لەوەی یارمەتی دەردانی چەند ئەنزیم و هۆرمۆنێكی بەسودی جەستە دەدات.

خواردنی شلەی قەیسی لە بەیانیانی جەژندا سودی زۆرە، بەو مەرجەی بڕێكی زۆری چەوری و شەكری تێنەكرابێت و لەگەڵ خواردنیدا گۆشتێكی زۆر نەخورێت، ئەمە جگە لەوەی بادەم و گوێزی پێكهاتەكەی سودێكی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە، هەروەها خواردنی شلەكە یارمەتی زوو هەرسكردنی ئەو خواردنانەی دیكە دەدات كە لەو بەیانییەدا خوراون.

4469 جار خوێندراوەتەوە