توێژینەوەیەك: نەبەستنی دەمامك زۆر باشترە لە بەستنی دانەیەكی بەكارهاتوو

KNN : Kurdish News Network
09:05 - 16/07/2021
تەندروستی
+
-

لەوکاتەى ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرەتای ساڵی 2020 لە تەواوی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بەستنی دەمامك بووە بە ناچاری، بەجۆرێك هەر كەسێك لەگەڵ چونە دەرەوەی لە ماڵەوە یاخود چونی بۆ هەر شوێنێك دەبێت پێش هەموو شتێك دەمامكەكەی بیرنەچێت.

زۆرن ئەو كەسانەی لەكاتی گەڕانەوەیان دەمامكەكە هەڵدەگرن و جارێكی دیكە دوای چونە دەرەوە بەكاریدەهێنن، پسپۆڕەكانیش چەند توێژینەوەیەكیان لەمبارەیەوە ئەنجامداوە و ئاشكرای دەكەن دەمامكی بەكارهاتوو كارێكی دروست نییە.

ماڵپەڕی (Medic Forum) لەزاری چەند پسپۆڕێكەوە كە بەشداری توێژینەوەكانیان كردووە باسی لەوە كردووە، ڕۆشتن بەبێ دەمامك زۆر باشترە لەوە دەمامكێكی بەكارهاتوو ببەسترێت.

یەكێك لە توێژینەوەكان لەلایەن پسپۆڕانی زانكۆی ماساچۆستسەوە ئەنجامدراوە، ئاشكرای كردووە پەیكەری دەمامك دوای بەكارهێنانی بەتەواوی دەشێوێت و دەگۆڕێت، بۆیە بەكارهێنانەوە هیچ تەندروست نییە.

پسپۆڕەكان جەختدەكەنەوە لەسەر ئەوەی دەمامك دوای بەكارهێنان نەك تەنها تایبەتمەندییەكانی لەدەست دەدات، بەڵكو دەبێتە مەترسیدار، چونكە ئەركی دەمامك ئەوەیە كە بەكتریا و ڤایرۆس و ماددەی زیان بەخش لەخۆی بگرێت و نەهێڵێت بچێتە لەشەوە، بەڵام كاتێك دەمامکێکى بەكارهاتوو دەبەسترێت كە پێكهاتەكەی گۆڕاوە ئەوە دەبێتە هۆی مەترسی چونە ناوەوەی بەكتریا و ڤایرۆس بۆ ناو لەش.

مەترسییەكی دیكە گۆڕانكارییە لە هەڵمژینی هەوادا، بەجۆرێك كاتێك ئامڕازەكانی پاراستنی دەمامكەكە لەكار دەكەون و دەگیرێن، هەوا بەناو دەمامكەكەدا ناڕوات، بەڵكو لە چوار دەورەكانییەوە دەچێتە ناوەوە و هەڵدەمژرێت، واتە هیچ پاڵاوتن و فلتەرێك نامێنێت.

زاناكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەوە چەند جارێك ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا زیاد دەكات، چونكە دەمامكی تەڕ و شێدار و بەركاهاتوو، زیاتر ڤایرۆسەكە بۆ خۆی ڕادەكێشێت و شوێنێكی گونجاوە بۆ كۆبونەوەی گەشەكردنی.

1885 جار خوێندراوەتەوە