هەردوو هەڵبژاردەى بەڕازیل و ئەرجەنتین لە یارى
کۆتایى کۆپا ئەمەریکا روبەڕوى یەکترى دەبنەوە، جەنگى راستەقینەش لە نێوان دوو
هاوڕێدایە کە هەریەکەیان لە هەڵبژاردەیەکن.
بەرەبەیانى سبەینێ یەکشەممە، کاتژمێر (03:00)
بەکاتى هەرێمى کوردستان، یاریگاى ماراکانا لە شارى ریۆ دى جانیرۆ کە شارى
لەدایکبونى رۆناڵدۆى دیاردەیە، دەبێتە مەیدانى روبەڕوبونەوەى هەردوو جەمسەرەکەى
تۆپى پێ ( بەڕازیل و ئەرجەنین)، ئەوەش لە بارى کۆتایى کۆپا ئەمەریکا.
یارییەکەى ئەمشەو رەنگە دواهەمین دەرفەتبیت
لەبەردەم لیۆنێل مێسى، بۆ ئەوەى لە کابوسى شکست لەگەڵ وڵاتەکەى رزگارى بێت و چیتر
روبەڕوى ئەو رەخنەیە نەبێتەوە کە دەڵێن"میسى ناتوانێت نازناو بۆ وڵاتەکەى
ببات". بۆیە یارییەکە بەر لە هەر شتێ سەنگى مەحەکە لەبەردەم ئەو ئەفسانە
ئاڵتونیەى رۆزاریۆ.
روبەڕوبونەوەى بەڕازیل و ئەرجەنتین جگە لەوەى
مێژویەکى کۆنى هەیە و جیهانى بەسەر دوو بەرەى تۆپى پێدا دابەشکردووە، لە هەمان
کاتدا روبەڕووبونەوەى دو هاوڕێ و دوو باشترین یاریزانە (نیمار داسیلڤا و لیۆنێل
مێسى).
لە بارییەکەدا، رێگە بە شەش هەزار و (500)
هاندەردەدرێت ئامادەبن کە سێ هەزار و (500) هاندەرى بەڕازیلى و دوو هەزار و (500)
هاندەرى ئەرجەنتینى و هەزار و (100) میوان کە لەلایەن کۆنمیبۆلەوە بانگێشتکراون.
لە هەرێمى
کوردستانیش هەردوو هەڵبژاردە خاوەن جەماوەرێکى زۆرن و هەر لەگەڵ دەستپێکى کوپادا،
هاندەرانى هەردوولا دەستیان بە ململانێکردنى یەکترى کرد، هەر لایەکیشیان ببێتە
پاڵەوان دەکەوێتە بەردەم توانج و خۆشى دەربڕینى لاکەى دیکە.
هەردوو هەڵبژاردە تائێستا (107) جار روبەڕوى یەکترى بونەتەوە، بەڕازیل بە
(43) بردنەوە پێشەنگە و ئەرجەنتینیش خاوەنى (39) بردنەوەیە و هەردولاش (25) جار
یەکسان بوون.
563 جار خوێندراوەتەوە