د. دەرباز محەمەد: تیمى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان ڕۆڵێکى باشیان گێڕاوە و کاریگەریان هەبووە

KNN : Kurdish News Network
08:59 - 21/06/2021
کوردستان
+
-

ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان باس لە هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە لەم قۆناغەدا بزوتنەوەى گۆڕان لەناو حکومەتەوە دەتوانێت رۆڵێکى باشتر بگێڕێت.

د.دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند؛ لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەباشیان زانیوە هاوبەشیی بکەن.

راشیگەیاند، ئێمە پێکەوە هاوپەیمانین لەیەک لیستدا و پێکەوە هەوڵی سەرخستنی هاوپەیمانێتییەکە دەدەین.

د.دەرباز محەمەد رونکردنەوەى زیاترى لەبارەى پێکهێنانى ئەو هاوپەیمانێتیەدا و لەو بارەیەوە وتى: بزوتنەوەی گۆڕان هاوبەشی سیاسی لەگەڵ یەکێتی هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بیرمان لە پرسی یەکگرتنەوە نەکردوەتەوە و تەنانەت هیچ بیرۆکەیەش نە لەلای گۆڕان و نە لەلای یەکێتی نیە لەوبارەیەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەی هاوپەیمانێتی بون لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش، بەڵام ئەو هێزانە ئامادە نەبوون.

سەبارەت بە رۆڵى بزوتنەوەى گۆڕان لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، ئەو ئەندامەى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، لەم قۆناغەدا لەناو حکومەتەوە دەتوانین رۆڵێکى باشتر بگێڕین، تیمى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕانیش رۆڵێکى باشیان گێراوە کاریگەریان هەبووە، بەڵام بۆئەوەى نەبێتە بابەتى موزایەدە باسى ناکەن.

جەختیشیکردەوە، ئەگەر گۆڕان لە حکومەتدا نەبوایە رێژەى لێبرینى موچە لە (50%) بوو.

سەبارەت بە لەئەستۆگرتنى بەرپرسیارێتیش، د. دەرباز محەمەد وتى: بەرپرسیارێتى دوو جۆرە، بەرپرسیارێتیەک هەیە کە پەیوەندى بە ئێستاوە هەیە، بەرپرسیارێتیەکیش هەیە کە پەیوەندى بە رابردوەوە هەیە، ئەوەش روونە کە کێ لە رابردوو و ئێستادا جڵەوى حوکمڕانى بە دەستەوەیە و ئەم دەرئەنجامەى ئێستاى خوڵقاندوە.

465 جار خوێندراوەتەوە