چیرۆکى منداڵێکى هەڵگیراوە کە دەبێتە داهێنەرێکى ملیۆنێر

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 12/06/2021
هەمەڕەنگ

فیگەر لە تەمەنی (نۆ) ساڵییدا یەکەم کۆمپیوتەری پێدرا. کۆمپیوتەرەکە کۆن و کاری نەدەکرد، بەڵام ئەمە بوو بە دەستپێکێکی حەزو خولیای فرێد لە بواری تەکنەلۆژیادا، کە دواجار ئەوی کرد بە داهێنەر، قۆنتەراتچی، شارەزایەک، لە بواری پەیوەندییەکان،ی ملیۆنێر- داهاتوویەک، کە کەمێکمان دەمانتوانی، لە سەرەتا زەحمەت و گرانەکەی ژیانییدا، پێشبینی بکەین.

تەنها ئامۆژگارییەکی بچوکی قۆنتەراتچییە (31) ساڵەکە، کە حەزدەکات بەوانی تر بگات، ئەوەیە:
"ڕێگە مەدە بارودۆخەکەت پێناسەی ئەوە بکات، کە تۆ کێیت."

کاتێک تەمەنی (هەشت) ساڵان بوو، دەربارەی بارودۆخی لە دایکبوونی، پرسیاری لە (Nathan)ی باوکی کرد، وەڵامێکی لەبیرنەکراوی وەرگرت.

باوکی وتی: "گوێبگرە فرێد، من نیازم وایە راستەوخۆ و بێ پێچ و پەنا وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە. دایکی راستەقینەی تۆ، تۆی فڕێداوە و من و (Betty) نەمانویست تۆ بنێرین بۆ خانەی بێ سەرپەرشتان و چاودێری بەخێوکردن، بۆیە تۆمان بەخێوکرد و هەڵگرتەوە، ئێستا تۆ کوڕی منیت."

فرێدی وەک منداڵێکی تازە لە دایکبوو، لە نزیک سەلەیەکی خۆڵ (سەلە گەورەکان)، لە لادێیەکی فلۆریدا دۆزرابۆوە.

"کاتێک باوکم ئەمەی پێگوتم، وتم: باشە، من زبڵ و خاشاکم و هەستمکرد من نەویستراوێکم، بەڵام باوکم (Nathan) دەستی لەسەرشان دانام و وتی: گوێبگرە، هەرگیز با ئەمە تۆ جاڕس و خەمبار نەکات."

(Nathan Figgers) کرێکارێکی چاودێر بوو، خاوەن دەستکارەکە و (Betty Mae Figgers)، کرێکاری کێڵگەیەک بوون، لە (Quincy) دەژیان، ئەم ناوچەیە جڤاتێکی ئاواییە لە باکوری فلۆریدا، کە خاوەن نزیکەی (8000) دانیشتوانە، کاتێک فرێدی لە ساڵی (1989) لە دایک بوو، (Nathan  و Betty)لە پەنجاکانی تەمەنیاندا بوون.

ئەم دوو مرۆڤە میهرەبانە تائێستا چەندان منداڵی دیکەیان بەخێوکردووە و لەخۆگرتووە، بەڵام کاتێک فرێدی تەمەنی تەنها (دوو) رۆژ بوو، بڕیاریاندا ئەو وەک کوڕی خۆیان لەخۆبگرن. فرێدی دەڵێت: ئەوان (واتە ئەو دایک و باوکەی ئەویان هەڵگرتبۆوە) هەرچیی خۆشەویستی بوو، توانییان بە منی ببەخشن، بەڵام منداڵەکان لە (Quincy) توانییان دڵڕەقانە و بێبەزەییانە بن.



فرێدی وتی: "منداڵەکان بە شەڕفرۆشتن و گێچەڵکردن بە من راهاتبوون و پێیان دەگوتم: منداڵی سەلەی خۆڵەکە، هیچ کەسێک تۆی ناوێ، تۆ پیس و پۆخەڵی."

"بیرمە هەندێکجار، کە لە پاسی قوتابخانە دادەبەزیم، منداڵەکان راهاتبوون لە پشتەوەڕا دەهاتن، دەیانگرتم و منیان فڕێدەدایە ناو تەنەکەی خۆڵ و بە من پێدەکەنین."

تا کار گەیشتە ئەوەی، کە باوکی لە وێستگەی پاسەکەدا چاوەڕوانی بکات و لەگەڵی بێتەوە ماڵێ، بەڵام منداڵەکان گاڵتەیان بە (Nathan)ی باوکیشیان دەکرد، فرێدی بیریەتی، کە منداڵەکان قاقایان لێدەدا و دەیانگوت: سەیری ئەم پیرەپیاوە بەخۆو بە گۆچانەوە بکەن."

لەو کاتەوە تائێستا فرێدی بۆیان زۆر بە پەرۆشە، (Nathan  و Betty) زۆر پاڵەوان بوون، پێشەنگی مۆدێلە مەزنەکان بوون."

فرێدی دەڵێت: "دەمبینی باوکم هەمیشە یارمەتی خەڵکی دەدا، لە سایدی شەقام بۆ یارمەتیدانی کەسانی نامۆ دەوەستا، خواردنی بە بێنەوایان و ئاوارەکان دەدا، ئەوان منیان هەڵگرتەوە و گەورەیان کردم، ئەوە ئەو پیاوەیە، کە دەمهەوێت وەک ئەو بم."

لە کۆتاییەکانی هەفتەدا، (Freddie  و Nathan) لە زبڵدانەکاندا بە دوای کەرەستە بەسوودەکان، کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە فڕێدرابوون، چاویان دەگێڕا، فرێدی بە تایبەتی چاوی لەسەر کۆمپیوتەر بوو و بۆیان دەگەڕا.

فرێدی دەڵیت: "ئەوە پەند و دەقێکی کۆنە، کە دەڵیت: زبڵی پیاوێک، گەنجینەی پیاوێکی ترە. من هەمیشە لەلایەن کۆمپیوتەرەکان سەرنجم رادەکێشرا و دڵم دەڕفێنرا، هەمیشە کۆمپیوتەری دەروازە (جۆرێک لە دیسکتۆپ)م دەویست، بەڵام لەو کاتەدا نەمانتوانی دانەیەک دەستبخەین."

دواجار رۆژێکیان، کاتێک فرێدی تەمەنی (نۆ) ساڵان بوو، بۆ دوکانێکی دەستی دوو چوون، کە پێیاندەگوت Goodwill – واتە خێرخواز، یارمەتیدەر، نیازپاک – ئەو دوکانە ئەو شوێنە بوو، کە بە رێکەوت تووشیان بە کۆمپیوتەری ماکنیتۆشی شکاو بوو.

فرێدی وتی: ئێمە هاوکارە فرۆشیارەکەمان قایلکرد و وتی: هێی ئەمە بە (24) دۆلار (17 پاوەند) دەدەم بە تۆ، بۆیە کۆمپیوتەرەکەمان بۆ ماڵەوە هێنایەوە و ئەوکات زۆر دڵشادبووم."

ئەو (فرێدی) پێشتر خولیایەکی زۆری بۆ چاککردنەوەی کۆکراوەکانی رادیۆ، سەعاتی زەنگلێدەر یان (VCR)ەکان- کە (Nathan)ی باوکی کۆی کردبوونەوە – هەبوو، هەروەها ئێستا کۆمپیوتەرە شکاوەکە بۆتە جێی سەرنجی.

فرێدی دەڵێت: "کاتێک کۆمپیوتەرەکەم بردەوە ماڵەوە، کۆمپیوتەرەکە چاک نەدەبوو، پارچەکانی کۆمپیوتەرەکەم لەیەکتر جیاکردەوە".

هەرکات سەیرم دەکرد، من دەمبینی، کە توانستەرەکان -یان بزوێنەر و جوڵێنەرە کارەباییەکان -ی کۆمپیوتەرەکە تێکشکاون. لە ماڵەوە ئامێری لەحیم (دەمانچەی پێکەوەلکاندن)م هەبوو، هەروەها رادیۆ و سەعاتی زەنگلێدەرم هەبوو، بۆیە پارچەکانی سەعاتی زەنگلێدەری رادیۆکەی باوکم دەرهێنا و ئەو پارچانەم بە تەختەسوڕەکە لکاند."

فرێدی وتی: دوای (50) هەوڵدان لە کۆتاییدا کۆمپیوتەرەکە پێبوو و لەوکاتەوە فرێدی درکی بەوەکرد، کە دەبێت ژیانی بۆ بواری تەکنەلۆژیا تەرخانبکات.

فرێدی باسى لەوەشکرد، ئەو کۆمپیوتەرە هەموو ئازار و ناخۆشییەکانی شەڕفڕۆش و گێچەڵچییەکانی بیر بردۆتەوە و وەلاى ناوە.

هەرکات ئەو لە قوتابخانە سەری دەکرایەسەر، وەکخۆى دەڵیت: هەمیشە بیرمدەکردەوە، ناتوانم چاوەڕێی چوونەوە ماڵ بۆ یاریکردن بە کۆمپیوتەرەکەم بکەم.

تەمەنی (12) ساڵان بوو، کاتێک توانا و کارامەییەکانی لەلایەن ئەوانی ترەوە بوونە جێگەی تێرامان. لە یانەی دوای-قوتابخانە، لە کاتێکدا منداڵەکانی تر یارییان لە یاریگادا دەکرد، فرێدی چالاکانە دەستی بە چاککردنەوەی کۆمپیوتەرە شکاوەکان، لە تاقیگەی کۆمپیوتەری قوتابخانەدا، کرد.

دەڵێت: "ئەگەر هارد درایڤەکە داخوراو و خراپ بێت، دەبێت من بیگۆڕم. ئەگەر کۆمپیوتەرەکە پێویستی زیاتری بە یادگە (memory) بێت، دەبێت (RAM)ی زیاتری بۆ زیادبکەم. ئەگەر پێویستی بە سەرباری وزە هەبێت، دەبێت بیگۆڕم".

بەڕێوەبەری بەرنامەی دوای- قوتابخانە، کە سەرۆکی شارەوانی (Quincy)ش بوو، کاتێک بینی، کە فرێد کۆمپیوتەرە شکاوەکان چاک و نوێ دەکاتەوە، بە گەڕیان دەخاتەوە، بۆیە داوای لە فرێدی کرد، کە لەگەڵ دایک و باوکی سەردانی هۆڵی شارەکە بکەن.

"کاتێک ئێمە گەیشتینە هۆڵی شارەکە، بەڕێوەبەرەکە هەموو کۆمپیوتەرە شکاوەکانی لە کۆتایی هۆڵەکەدا پیشاندام، ئای هاوار بە ماڵم ڕەنگە (100) دانەیەک ببن، وتی: پێویستیم بە چاککردنەوەی ئەو کۆمپیوتەرانە هەیە".

لەو کاتەوە فرێدی، بۆ هەر سەعاتێک بە (12) دۆلار (9 پاوەند) هەموو ڕۆژێک دوای قوتابخانە، کاتەکانی بە چاککردنەوەی کۆمپیوتەرە خڕکراوەکان، بەسەردەبرد.

لە ڕاستییدا تەنانەت مەسەلە پارەکە نەبوو، ئەو دەڵێت: من بوار و هەلێکم بۆ هەندێک شت رەخسا، کردنی ئەو کارە حەزو خولیای خۆم بوو، بەڕاستی ئەمە بۆ من کاتێکی خۆش بوو.

دوای چەند ساڵێک، هەلی بەکۆدکردن سەریهەڵدا و دەستی پێکرد. ئاوایی (Quincy) پێویستی بە سیستەمێک، بۆ پشکنینی پێوەری فشاری ئاوی شارەکە، هەبوو. کۆمپانیایەک (600،000) دۆلاری بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامێکی کۆمپیوتەریی تەرخانکرد.

فریدی بیری دێت، کە بەڕێوەبەری شارەکە رایگەیاند: هێی، فرێدی کۆمپیوتەر چاککەرەوەیە، ئەو رەنگە بتوانێت یارمەتی بۆ ئەمە پێشکەش بکات.

"وتم: گەورەم گوێ بگرە، ئەگەر تۆ هەلێک بە من بدەیت، من دەتوانم هەمان پڕۆگرام دروستبکەم. بۆیە ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساندم و ئەو پڕۆگرامەم بە تەواوی تایبەتمەندییەکانی، کە ئەوان دەیانویست دروستکرد. (600،000) دۆلارەکەم وەرنەگرت و بەڕێکوپێکی پارەی چەکەکەم داو چوومەوە ماڵ.

ئەمە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی فرێدیدا. ئەو تەنها تەمەنی (15) ساڵان بوو، بۆیە بڕیاریدا قوتابخانە جێبهێڵێت و دەست بە کار و پیشەی ژمێرکاری (کۆمپیوتەریی) بکات، زیاتر لەبەر ناحەزەکانی دایک و باوکی.

فرێدی دەڵێت: "ئەوان باوەڕیان بە خوێندن، کار، خانەنشین بوون هەبوو، منیش دەمویست ئەو کۆتە تێکبشکێنم، دەمویست شتێکی جیاوازتر بکەم."

کار و پیشەی فرێدی هاتە دەهات بەهێز و بەهێزتر دەبوو، کاتێک چەند ساڵێک دوای ئەمە (Nathan) بەخێرایی تووشی نەخۆشی زەهایمەر بوو.

یەکێک لە ناخۆشترین نیشانەکان ئەوە بوو، کە ئەو لە شەودا هەڵدەستا و هەموو ئەو شتانەی پێشتر لە ئێواراندا بینی بوونی، نوێ دەبوونەوە و دووبارەی دەکردنەوە. ئەمە وای لە فرێدی کرد، کە بڵێت: "ناخۆشترین شت، کە بەسەر مندا هاتبێت، ئەوە بوو."

کات نزیکەی دووی بەیانییەک بوو، باوکم ئەو کۆنە رۆژئاواییە -Gunsmoke-ی بەدڵ بوو، هاتە ژووری نووستنەکەم و وای درکدەکرد، کە ئەو مات دیلۆنە (ئەو پیاوە کارەکتەرێکی سەرەکییە). تفەنگێکی لە دەستدا بوو و پێمی گوت: من نیازم وایە، یارمەتی تۆ بدەم، تا لەم شارە دەربچیت".

فڕێدی دەڵێت: کەمێک دەمەقاڵێ و مشتومڕمان کرد، بەڵام فرێدی تفەنگەکەی لە دەستی باوکی دەرهێنا و بردیەوە بۆ سەر جێگەکەی خۆی و پێچایەوە، هەرچەندا کاتێک بەیانی فرێدی لە خەو هەستا،( Nathan) لەوێ نەمابوو. ئەمە یەکێکی تر بوو لە نیشانەکانی نەخۆشی زەهایمەرەکەی و پێشتر ئەوە روویدابوو. هەندێکجار ئەوەی لەبیردەچێتەوە، کە پێش ئەوەی دەست بەگەڕان بکات، بە تەواوی جلەکانی بپۆشێت، بەڵام هەمیشە پێڵاوەکانی لە پێ دەکرد. ئەمە بوو هاندانێک بۆ فرێدی، بۆ دروستکردنی یەکەم داهێنانی قازانج نەویست.

فرێدی دەڵێت: بۆیە پێڵاوەکانی باوکم هێنا و ژێرەوەی پێڵاوەکەیم بڕی و کردەوە، تەختەسوڕێکم دروستکرد و سپیکەرێکی (90) میگاهێرتزی، مایکرۆفۆنێک و کارتێکی چەندان تۆڕ (دەزگا)یم لە ناوەوەی پێڵاوەکان دانا".

لەگەڵ کۆمپیوتەرەکەم بەستەوە و یەکخست - ئەمە پێش نەخشەی ئەپڵ و نەخشەی گۆگڵ بوو- هەروەها بە بەرنامەکانی تۆم تۆم و پلاتفۆڕمی گارمینم بەستەوە و یەکخست. لە راستییدا باوکم دەیتوانی بگەڕێت و بسوڕێتەوە و من دەمتوانی دوگمەی سەر لاپتۆپەکەم دابگرم و بڵێم: هێی باوکە، تۆ لە کوێیت؟ دەنگم لە بڵنگۆکەی ناو پێڵاوەکە دەهاتە ژوورەوە و دەیوت: فرێد، من نازانم لە کوێم!".

فرێدی دەیتوانی لە ڕێگەی (GPS)ەوە نزیکترین شوێن پێی باوکی دیاریبکات و بچێت بیهێنێتەوە. ئەو دەڵێت: پێویست بوو نزیکەی هەشت جار ئەمە بکەم.

کاتێک دۆخی (Nathan) زیاتر تێکچوو، هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ویستیان بینێرنە خانەی بەساڵاچوان، بەڵام فرێدی ئەمەی رەتکردەوە، لە جیاتی ئەمە باوکی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ کۆبوونەوە بازرگانییەکان.

فرێدی دەڵێت: ئەو منی بەجێنەهێشت، بۆیە نامهەوێت منیش ئەو رەتبکەمەوە و بەجێی بهێڵم.

کاتێک سەردانی کڕیارە چاوەڕوانکراوەکان (ئەوانەی توانای کڕینی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان هەبوو) دەکرد، (Nathan)ی لە دواوەی ئۆتۆمۆبیلەکەی لەگەڵ هەواگۆڕکێی ناوی جێدەهێشت، رادیۆکەی پێدەکرد و سوکانەکەی قفڵ دەکرد.

فرێدی دەڵێت: جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکدا بووم و لە پەنجەرەکەوە ڕوانیمە دەرەوە، ئای خودایە، باوکم جامی دواوەی کردۆتەوە و بازیداوە. بۆیە من لە دۆخێکی شڵەژاو و دڵتەنگییدا بووم، ئەمە شەرمەزاریی بوو، بەڵام ڕێک ئەوەم وت: هێی پێویستە بڕۆم."

فرێدی لە کۆبوونەوەکە رایکرد و بە دۆزینەوەی باوکی، کە لە نزیک پارکێکی سەیارەدا دانیشتبوو، ئاسوودەبوو. کاتێک فریدی بوو بە (24) ساڵ، (Nathan) لە تەمەنی (81) ساڵییدا لە مانگی کانوونی دووەمی (2014)دا، کۆچی دواییکرد.

 فرێدی دەڵێت: بە راستی ئەوە منی تێکشکاند، چونکە هەر شتێک، کە دەمویست بیکەم، بۆ دڵخۆشکردنی باوکم بوو".

فرێدی داهێنانی ئامێری ئاڕاستەکردنی پێڵاوەکەی باوکی بە (2.2) ملیۆن دۆلار فرۆشتبوو، خەریکی دابینکردنی پارەی خاوێن بوو (ئەو پارەیەی بیرۆکەی باشتر دابین دەکات، واتە چەند پارەت پێدەدەن و چەندیشت پێدەدەن). (Nathan) هەمیشە دەیویست ببێتە خاوەن پیکابێک لە جۆری فۆرد (مۆدێل 1993) و بەلەمێکی ماسی گرتن، ئێستا فرێدی دەتوانێت، ئەوانە بۆ باوکی بکڕێت، بەڵام کات زۆر درەنگ بوو.

بەڕاستی ئەمە چاوی کردمەوە و وانەیەکی فێرکردم، کە پارە هەموو شتێک نییە، تەنها ئامڕازێکە، من دەبێت هەموو توانایەکم بخەمەگەڕ و هەوڵبدەم، پێش ئەوەی ئەم جیهانە جێبهێڵم، دەبێت ئەم جیهانە بکەمە شوێنێکی باشتر".

ناسینی باوکم، کە بەهیچ شێوەیەک دەوڵەمەند نەبوو، بەڵام کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵکی هەبوو، بۆیە دەمهەوێت راستەوخۆ بۆ هەموان ئەوە بکەم، کە دەیانبینم و یارمەتی هەرکەسێک بدەم، ئەوەندەی توانام هەبێت".

لە قۆناغێکی تردا فرێدی ئامێرێکی تری زیرەکی داهێنا، کە ئیلهامی ئەزمونی کەسی پێبەخشی، لەو کاتەی، کە سەردانی جۆرجیای کرد بەمەبەستی سەردانی مامی دایکی، تەمەنی هەشت ساڵان بوو. فرێدی دەڵێت: کاتێک گەیشتینە ماڵەکەی دایک و باوکم، لە دەرگای پێشەوەیان دا، بەڵام ئەو بۆکردنەوەی دەرگاکە نەهات. بۆیە باوکم وتی: فرێد دەتوانیت بە پەنجەرەکەدا سەربکەویت و دەرگاکە بکەیتەوە؟.

فرێدی چووە ژوورەوە و دەرگاکەی کردەوە. ئەو توانی خزمەکەی، کە لەسەر کورسییەک لای ئاگردان دانیشتووە، ببینێت، وایزانی، کە هەموو شتێک باشە.

باوکم چووە لای و ئەم قسانەم بیردێتەوە- باوکم بانگی دایکمی کرد، وتی: (Betty Mae )، مامت مردووە.

خزمەکەی فرێدی تووشی شەکرەبێهۆشی ببوو، پاشان گیانی سپاردبوو.

فرێدی دەڵێت: کاتێک بیر لە کەسێک دەکەیتەوە، کە نەخۆشی شەکرەی هەیە. کاتێک پشکنینی شەکرەی خوێنیان دەکەن، پێویستە بینوسن و تۆمارێکیان بۆ بکەنەوە. لەو دۆخەی مامی دایکمدا، تەنانەت ئەگەر نوسیبێتیشی، بۆ ئەو ناوچە گوندنشینەی، کە ئەوی تێدا دەژیا، کەسێک نەبوو حیسابێک بۆ ئەم دۆخانە بکات.

بۆیە لە تەمەنی (22) ساڵییدا ئامێرێکی زیرەکی پێوانی شەکرەی داهێنا، کە یەکسەر رێژەی شەکری خوێنی کەسێکی لەگەڵ نزیکترین خزم و کەس و کاری هاوبەشی پێدەکرد و خوێندنەوەکانی بۆ تۆماری تەندروستی ئەلیکترۆنییەکانیان زیاد دەکرد، کە پزیشک دەتوانێت بیبینێت، ئەگەر ڕێژەی شەکری خوێنی کەسێک نائاسایی بووبا، ئەو ئامێرە وەک ئاگادارکردنەوەیەک، نامەیەکی ئاگادارکردنەوەی بۆ دەچوو، بەڵام فرێدی لە پڕۆژەیەکی گەورەتردا دەستی بە کارکردن کرد، ئەو ئاگاداری ئەوە بوو، کە زۆربەی ناوچەکانی گوندنشینەکانی ئەمریکا، ناتوانن دەستیان بە تۆڕی نەوەی دووەم و سێیەم بگەن، ئەو کاتە لە (Quincy) هێشتا ئینتەرنێتی نۆڕماڵ و ئامێری ئاسایی زەنگلیدانی بەرزیان کاریدەکرد. ئەو ویستی پەیوەندی نوێ- ڕۆژ بۆ ئەو ناوچە گوندنیشینانە ببات و لە ساڵی (2008) دا یەکەمین لە کارنامە زۆرەکانی بۆ مۆڵەتی کۆمیسیۆنی فیدڕاڵی، بۆ دەستپێکردنی کۆمپانیای بواری پەیوەندییەکانی خۆی، دروستکرد.

ئەو دەڵێت: پێویست بوو، کە سكاڵا نامەیەک بۆ پیشاندانی ئەوەی، کە هەڵگرانی گەورەتری کۆمپانیای تیلیکۆمەکە، ناچنە ناو وەبەرهێنانی ژێرخانی ئابورییەکانیان، لە ناو ئەو ناوچە لادێیانەی، کە ژمارەی دانیشتوانیان لە (1000) کەس کەمترە. ئاسان نەبوو، لە ڕاستییدا (394) هەوڵدان و تێچوویەکی زەبەلاحی ویست، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پێگەی (NBC) لە ساڵی (2011)دا، کاتێک تەمەنی (21) ساڵ بوو، لە ئەمریکا فرێدی بوو بە گەنجترین کارپێکەری تیلیکۆم. لەو وڵاتەدا کۆمپانیا پەیوەندییەکانی فیگەر، تاکە کۆمپانیای بواری گەیاندنی رەشپێستەکانە (ئەو کۆمپانیایەی ئەفریکی- ئەمریکی خاوەنیانن) لەو وڵاتەدا.

لە زوویەکەوە فرێدی زۆربەی کارەکانی خۆی کرد، هەر لە دانانی کۆنکرێت و یەکەم بورجی مۆبایلەکەی، تا دانانی کێبڵەکانی فایبەری ئۆپتیک.

ئەو دەستی بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی لە ناوچە گوندنشینەکانی باکوری فلۆریدا و باشوری جۆرجیا کرد، کە لە (Quincy)ەوە زۆر دوور نەبوون، کۆمپانیاکەی بە  بەردەوامی گەشەی دەکرد. لە ساڵی (2014)دا فرێدی دەستی بە دروستکردنی مۆبایلێکی زیرەک لەگەڵ ئامێرێکدا کرد، بە ناوی فیگەر F1، کە ئەو ئامێرە جوڵە و گۆڕینی بۆ دۆخی سەلامەتی لە سەرووی (10) میلەوە تێبینیدەکرد و رێگەی لە خەڵکی دەکرد، لە کاتی شۆفێریدا نامە بنووسن. هەروەها فیگەری F3، کە ساڵی (2019) فرۆشرا، کە هاردێکی دیزاینکراو بۆ چالاککردنی بارگاویکردنی بێتەل لەخۆدەگرێت، ئەو ئامێرە رێگە بە بارگاویکردنی مۆبایل دەدات، کە کاتێک مۆبایلەکە لە ناو پێنج مەتری ئامێری بارگاویکەرەکەدا بێت- ئەو ئامێرە ئێستا لە چاوەڕوانی پەسەندکردن و رێگەپێدانی (کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدڕاڵی)دایە.

بەبازاڕکردنی F3، مشتومڕییەکی دروستکرد، کە هەندێک لە بلۆگگەرەکان لەسەر ئەوە مشتومڕیان دەکرد، کە هەموو سیماکانی مۆدێلی یەکەم وەک هاوشێوەی نوێ رۆژ نەبوون، ئەوان دەڵێن: ئەوان بۆ متمانەیی ڕێگە درابوون. فرێدی بە (BBC) راگەیاند: ئامانجی ئێمە، دابینکردنی راستگۆیی و روونییە، لە هەمان کاتدا ئێمە بەرهەمی چۆنایەتی و پێشکەوتوو بە نرخێکی گونجاو دابیندەکەین.

هەروەها دایکی فرێدی، کە ئێستا تەمەنی (83) ساڵە، ئەویش تووشی نەخۆشی زەهایمەر بووە. فرێدی دەڵێت: دایکی زۆر شانازی بەوەوە دەکات، کە من کۆمەڵێک شتم بەدەستهێناوە و درک بەوە دەکات، کە ئامێری پێوانی شەکرەکەی (Glucometer)، کە رەنگە ژیانی مامی رزگارکردبا، شتێکی تایبەتە.

فرێدی لە ساڵی (2015)دا هاوسەگیری لەگەڵ ناتالی کرد، کە پیشەی پارێزەرە، کچێکی بچوکیان هەیە. هەروەها لەگەڵ کارە بازرگانییەکانیدا، دەزگایەکیش بەڕێوەدەبات، کە وەبەرهێنان لە پڕۆژە پەروەردەییەکان و چاودێرییە تەندروستییەکاندا دەکات، جگە لەمانە یارمەتی خێزان و منداڵە هەژار و بێدەرەتانەکانیش دەدات، کار و پلانەکانی ئەم دواییەی بریتی بوون لە: پێبەخشینی پاسکیل بە منداڵان لە خانەی چاودێر و بەخێوکردنی منداڵان، پێبەخشینی کەلوپەلی خۆپاراستنی کەسی بۆ ئەو کەسانەی، کە لە ڕیزی پێشەوەی پەتای کۆڕۆنا کاردەکەن و دەجەنگن.

فرێدی دەڵێت: گرنگترین ئامۆژگاری دەربارەی ژیان بۆ کچە بچوکەکەی ئەوەیە: هەرگیز کۆڵ مەدە، جا گرنگ نییە دنیا چۆنە لەگەڵت، هەوڵبدە، کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی هەر کەسێک دروست بکەین، کە تووشی دەبیت. ئەمە پەیامێکە، هی باوکت فرێدی و یەکەم لایەنگر و پشت و پەنا- Nathan-ە، کە بەتەواوی ڕازی و هاوڕامە دەربارەی ئەمە.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە:کارزان خدر
سەرچاوە: 
BBC News

 

1625 جار خوێندراوەتەوە