بەمەبەستى زیادکردنى جوڵەى بازرگانى وەزیرى دارایى لەگەڵ سەرجەم بەڕێوبەری گومركەكان كۆبووەوە

KNN : Kurdish News Network
04:28 - 09/06/2021
کوردستان
+
-

وەزیرى دارایى و ئابورى هەرێم لەگەڵ سەرجەم بەڕێوبەری گومركەكان كۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستى زیادکردنى داهات و جوڵەى بازرگانى.

لە راگەیەنراوێکدا، وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم رایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیوانی وەزارەت، ئاوات جەناب نورى وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی گومركی هەرێمی كوردستان و سەرجەم بەڕێوبەرەكانی گومرك لەسەر زیادكردنی داهات و  جوڵەی بازرگانی كۆبوونەوە.

وتیشى: لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابوری باسی ئاستەنگەكانی بەردەم كاری بازرگانی كرد لە هەرێمی كوردستان و بەڵێنی ئەوەیدا، هەموومان پێكەوە دەتوانین كاری باشتر بكەین لە پێناو زیادكردنی جوڵەی بازرگانی و بە ئامانجی زیادكردنی داهات.

باسى لەوەشکردووە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوبەری گشتی گومركی هەرێمی كوردستان، بە وردی باسی ئاستەنگەكانی كردووە و پێكەوە رێگاچارەسەری گونجاویان دەستنیشانكرد تاوەكو لەو رێگەیەوە،  رێوشوێنی پێویست بۆ ئاسانکاری و لابردنی ئاستەنگەكان لە پێناو باشتر کردن وزیاد کردنی جووڵەی بازرگانی و داهات، بكرێت.

وەزارەتى دارایى ئاماژەى بەوەشکردووە،  ئاوات جەناب نوری جەختی لەوە كردەوە، كە گومرك سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتە لە هەرێمی كوردستان دەبێت بە هەمووا پارێزگاری لەو داهاتە گرنگە بكەن.

564 جار خوێندراوەتەوە