تەندروسترین ڕێگا بۆ دابەزاندنی كێش چییە؟

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 09/06/2021
تەندروستی

زۆرن ئەو ڕێگایانەی بۆ دابەزاندنی كێشی لەش دەگیرێنەبەر، بەڵام ئەنجامەكەی وەك ئەوە نییە كە كەسەكە دەیەوێت، ئەوەش توشی بێزاری دەكات، هەندێك پرۆگرامی دابەزاندنی كێشیش هەیە ئەنجامی لاوەكی هەیە و زیانی بۆ كەسەكە دەبێت یاخود لەبری دابەزینی كێش چەند كیلۆیەك كێش زیاد دەكات.

 

 
پسپۆڕێكی ڕوسی بەناو ئەلێكسی كۆڤالكۆڤ ئاماژە بەوە دەكات، هەنگاوەكانی دابەزاندنی كێش پێویستی بە چەند ڕێكارێك هەیە كە دەبێت وەك خۆی پەیڕەو بكرێت و دەڵێت "دەبێت سەرەتا ئەوە دیاری بكەیت تۆ لەگەڵ چ كێشەیەك مامەڵە دەكەیت".

 

ئەو پسپۆڕە لە لێدوانێكیدا بە ڕادیۆی سپۆتنیكی ڕاگەیاندووە "ئەگەر باسی قەڵەوی بکەین، دەبێت بڵێین كە نەخۆشییەكی زۆر ئاڵۆزە، بۆیە تەنها ڕێجیم بەس نییە بۆ كەمكردنەوەی كێش، بەڵكو پێویستی بە چارەسەری ورد هەیە، ئەگەر كەسێك بیەوێت 10% كێشی لەش دابگریت ئەوا دەتوانین بڵێن دانانی سیستمێكی خۆراكی بەسە".

 

بۆ دەستخستنی ئەو ئەنجامەی دەیتەوێت دەبێت پێش هەموو شتێك شیرینی نەخورێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی ئەنسۆلین لە خوێندا كەمبێتەوە و ڕێگری لە بەرزبونەوەی بكرێت، هاوكات كاتێك كەسێك وەرزش دەكات، لەشی هۆرمۆنی ئەدریناڵین دەردەدات بۆ سوتانی چەوری، بەڵام ئەگەر شیرینی بخورێت، ئەوا لەش ئەنسۆلین دەردەدات كە دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی چەوری، بۆیە كاری گرنگ كەمكردنەوەی ئەنسۆلینە و زیاتر دەردانی ئەدریناڵینە، بۆیە خواردنی شیرینی قەدەغەیە" ئەلێكسی كۆڤالكۆڤ وادەڵێت.

 

پسپۆڕەكە داوای نەخواردنی هەموو ئەو خۆراكانەی كردووە كە شەكریان تێدایە، وەك پەتاتە، برنج، جۆرەكانی نان، شەربەتی میوە، بەڵام دەكرێت سەوزە و هەنگوین بخورێن.

 

یەكێكی دیكە لە ئامۆژگارییەكانی كۆڤالكۆڤ بۆ دابەزاندنی كێشە بەشێوەیەكی تەندروست، جوڵەی زۆر و ڕۆشتنە بۆ ماوەی پێنج كیلۆمەتر لە ڕۆژێكدا، ئەوانە بۆ هەنگاوی یەكەم بەسە و كەسەكە لە مانگێكدا حەوت بۆ هەشت كیلۆ دادەبەزێت.

 

ئەلێكسی كۆڤالكۆڤ لەبارەی نەخواردنی خۆراكی چەورەوە پێیوایە ئەوە هەڵەیە، چونكە چەند جۆرێكی ڕێجیم هەیە كە كاریگەرییەكی زۆری بۆ دابەزاندنی كێش هەیە و لە هەمان كاتدا پشت بە خواردنی بڕێكی زۆر چەوریش دەبەستێت، ئەنجامی باشیشی هەیە، ئەمە جگە لەوەی نەخواردنی چەوری زیانی تەندروستی هەیە بەتایبەت بۆ خانمان.

2108 جار خوێندراوەتەوە