دایکێک (10) منداڵی بە سکێک بوو

KNN : Kurdish News Network
09:02 - 09/06/2021
جیهان

دوای ئه‌وه‌ی له‌ پارێزگای (گواتینگ)ی سه‌ربه‌ كۆماری ئه‌فریقای باشوور، به‌ سكێك (10) منداڵی بوو، گۆسیام تامارا ژماره‌ی پێوانه‌یی منداڵبوونی به‌ یه‌ك سك تۆماركرد و ناوی چووه‌ نێو كتێبی گینسه‌وه.

به‌پێی هه‌واڵێكی دامه‌زراوه‌ی میدیای نیشتمانیی IOL News گۆسیام تامارا سیتهۆڵ ته‌مه‌نی (37)  ساڵه‌ و نازناوی "ئه‌و دایكه‌ی به‌ سكێك زۆرترین منداڵی بووه‌"ی له‌ حه‌لیمه‌ سیسێ سه‌ندووه‌ته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی حه‌لیمه‌ له‌ مانگی رابردوودا له‌ مه‌غریب به‌ سكێك نۆ منداڵی بوو.

 

ئه‌و ژنە‌ حه‌وت كوڕ و سێ كچی به‌ یه‌ك سك بووه‌ و منداڵه‌كانی له‌ دۆخێكی ته‌ندروستی باشدان.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ گۆسیام تامارا و هاوسه‌ره‌كه‌ی خاوه‌نی دوو كچی دووانه‌ی دیكه‌ی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵانن، دوای لە‌دایكبونی منداڵه‌كانی، له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، سه‌رسووڕمانی خۆی نیشاندا و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ به‌پێی ئه‌نجامی ئه‌و پشكنینانه‌ی سۆنه‌ر بۆیان ئه‌نجامداوه‌، چاوه‌ڕێی هه‌شت منداڵ بووه‌ به‌ڵام هێنانه‌ دنیای (10) منداڵ بۆ خۆیشی سه‌خته‌ باوه‌ڕی پێبكات.

 

لای خۆیه‌وه‌ پرۆفیسۆر دكتۆر دینی ماوێلا، كه‌ هاوكات جێگری راگری كۆلێژی پزیشكی زانكۆی زانسته‌ ته‌ندروستییه‌كانی ئێفاكۆ ماكگاتۆ-یه‌، له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئه‌مه‌ دۆخێكی ئێجگار ده‌گمه‌نه‌ و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ به‌ گشتیی له‌ چاره‌سه‌ره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پیتاندنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن.

ئەو پزیشکە تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌هۆی ماوه‌ی دووگیانی مه‌ترسیداره‌وه‌ كه‌ پێیدا تێپه‌ڕیون، كۆرپه‌له‌كانی سیتهۆڵ ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوو له‌ به‌شی منداڵی نه‌به‌كام به‌سه‌رده‌به‌ن.

1233 جار خوێندراوەتەوە