زۆرینەوەی توێژینەوە پزیشكییەكان و تەندروستییەكان
جەخت لەسەر زیانەكانی شەكری سپی دەكەنەوە، لەگەڵ بڵاوبونەوەی هۆشیاریش لەبارەی ئەو
كێشە و نەخۆشی و گرفتە تەندروستیانەی شەكر دروستی دەكات، زۆر كەس لە بەكارهێنانی
دووركەوتونەتەوە و هەوڵی ئەوەیان داوە جێگرەوە سروشتی و تەندروستەكانی بەكاربهێنن.
پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن، دەكرێت ماددە شیرینكەرە
كەم كالۆرییەكان بەكاربهێنرێت، بەتایبەت ئەوانەی لەسەرچاوەیەكی سروشتییەوە بەرهەم
دەهێنرێن، بەوەش كەسەكە تامێكی شیرین و بێ زیانی دەست دەكەوێت.
ماڵپەڕی (Only
My Health) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سۆمیتا بیسواس
پسپۆڕی خۆراكی، باسی لە پێنج جێگرەوەی سروشتی شەكر كردووە كە دەتوانرێت پشتیان پێببەسترێت
لەبری شەكری سپی.
1- هەنگوین: ماوەی سێ هەزار ساڵە هەنگوین بە ئاڵتونێكی شل ناودەبرێت، ئەوەش
بەهۆی سودە تەندروستییە زۆرەكانی و بەكارهێنانە جیاوازەكانی.
توێژینەوەكان سەلماندویانە هەنگوین كاریگەرییەكی
زۆری هەیە بۆ چاكبونەوە لە نەخۆشی و تایبەتمەندی دژە بەكتریای تێدایە، هەروەها سەرچاوەیەكی
سەرەكی كالسیۆم و ئاسن و پۆتاسیۆم و مەگنسیۆمە.
2- جاگری (شەكری زەرد): شەكرێكی بۆر و زبری هیندییە، یەكێك بووە لە سەرچاوە
سروشتییەكانی شەكر، لەكۆنەوە لە ئاسیا و ئەفریقا لە قامیشی شەكر دەرهێنراوە، ئەویش
دوای ئەوەی قامیشەكە كوڵێنراوە دواتر پاڵێوراوە و كراوە بە قاڵب و لەپاڵ شیرینیدا
فرۆشراوە.
شەكری زەرد سودی بۆ كرداری هەرس و چالاككردنی ئەنزیمەكان
و جوڵەی ڕیخۆڵەكان بەرگری لەش هەیە، هەروەها پاكردنەوەی جگەر لە ژەهر.
3- گیراوەی قەند: گیراوەیەكی شیرینە لە داری قەیقەب دەردەهێنرێت، دەوڵەمەندە
بە مەنگەنیز و زینك، هەروەها سەرچاوەیەكی سەرەكی دژە ئۆكسید و وزە بەخشێكی بەهێزە.
4- شەكری خورما: سودێكی زۆری هەیە و لەڕێی وشككردنەوەی خورما و دواتر هاڕینی
دەستدەخرێت، ئەویش وزەیەكی زۆر دەبەخشێت، سەرچاوەیەكی سەرەكی پرۆتین و ئاسن، مس و
زینك و مەنگەنیزە.
5- ستیڤیا: گەڵای ڕووەكی ستیڤیا بۆ دروستكردنی ماددەیەكی شیرین بەكاردەهێنرێت،
ئەوەش دوای وشكردنەوە و هاڕینی كە لە زۆرینەی وڵاتانی ئاسیا باوە و دەتوانرێت بۆ شیرینكردنی
چا و خواردنەوە گەرمەكان بەكاربهێنرێت، سودەكەشی لە كەمی كالۆرییەكەی و بەرزنەكردنەوەی
ڕێژەی شەكری خوێندایە
2128 جار خوێندراوەتەوە