رێكخراوی تەندروستی
جیهانی (31)ی ئایاری وەك رۆژی جیهانی رێگریی لەبەكارهێنانی توتن دیاریكردووە و لەو
رۆژەشدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت كە مەبەست لێی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر
دەربارەی زیانەكانی توتن بۆ تەندروستی مرۆڤ.
ئەمە دووەم ساڵە
یادەكە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوە رێكخراوی تەندروستی
جیهانی پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە و ئاشكرای كردووە، كەسانی جگەرەكێش ئەگەری توشبوونیان
بە نەخۆشی كۆرۆنا و مردن بە نەخۆشییەكە بەڕێژەی (40 بۆ 50%) لەكەسانی ئاسایی زیاتر، ئەوەش
رێژەیەكی بەرزە و پێویستە هەمووان ئاگاداری ئەو مەترسیەی توتن و جگەرەبن.
تیدرۆس ئەدحانوم
گێبریسۆس بەڕێوبەری رێكخراوەكەدەڵێت:"وازهێنان لە جگەرە باشترین كارە كە كەسانی
جگەرەكێش دەیكەن بۆ ئەوەی ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا كەمبێتەوە، هاوكات پارێزراوبن
لەئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، دڵ، كۆئەندامی هەناسەدان.
هەر لەم رۆژەدا رێكخراوەكە
هەڵمەتێكی یەك ساڵی راگەیاندووە بە دروشمی "ئەمڕۆ بڕیاری وازهێنان لە توتن دەدەم"،
ئەوەش لەڕێگەی كۆمەڵێك دەرمانی تایبەتمەند بە وازهێنان لە جگەرە، كە دوای پێنج
مانگ لەڕاگەیاندنی هەڵمەتەكە بێ بەرامبەر بەسەر ملیارێك جگەرەكێشدا دابەش دەكرێت.
بەپێی ئامارەكان
لەسەر ئاستی جیهان (39%) پیاوان ئالودەی بەكارهێنانی توتنن، رێژەی بەكارهێنانیش لای
ژنان (9%)، هەروەها كیشوەری ئەوروپا زۆرترین ژمارەی جگەرەكێشی تێدایە كە (26%) پێكدەهێنن.
ئەگەر حكومەتی وڵاتانی
جیهان بە پلانی ورد هەوڵی كەمكردنەوەی ژمارەی ئەوانەی جگەرەكێشن بدات، ئەوا تاساڵی
(2025) بەڕێژەی (2%) كەمدەبێتەوە.
پێشتر رێكخراوی تەندروستى
جیهانى ئاشكرای كرد، ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیۆن كەس بەهۆی كاریگەرییەكانی توتنەوە
گیان لەدەست دەدەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە (900) هەزاریان لەو كەسانەن كە خۆیان بەكارهێنەری
راستەوخۆی توتن نین، بەڵكو دوكەڵی ئەو جگەرەیە هەڵدەمژن كە كەسانی دەوروبەریان دەیكێشن،"
ئەمە جگە لەوەی ساڵانە (165) هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ بەهۆی كاریگەری ناڕاستەوخۆی
دوكەڵی توتنەوە گیان لەدەست دەدەن.
دوكەڵی جگەرە بە
یەكێك لە هۆكارەكانی پیسبونی هەواش دادەنرێت بەو پێیەی حەوت هەزار ماددەی كیمیاوی
لە پێكهاتەكەیدا هەیە كە (69)یان لەوانەن كە هۆكاری سەرەكی توشبوون بە شێرپەنجەن،
بەشێكی ئەو ماددەش هیچ بۆنیان نییە نابینرێت و بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاتژمێر بەهەڵواسراوی
لە هەوادا دەمێننەوە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ زیادبونی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی سی
و نەخۆشییەكانی دیكەی كۆئەندامی هەناسەدان.
بەدەر لە كاریگەرییەكانی
لەسەر تەندروستی جەستە، توتن و جگەرە هۆكارێكن بۆ توشبوون بە كێشە دەرونییەكان بەتایبەت
خەمۆكی ئەوەش لەڕێی چەند توێژینەوەیەكەوە سەڵمێندراوە، هەروەها كاریگەری لەسەر ماوەی
خەوتن و تەنانەت توانای وەچە خستنەوە و ئەگەری توشبوون بە نەزۆكیش دروست دەكات.
910 جار خوێندراوەتەوە