عەلی حەمەساڵح: پرۆسەی فرۆشتنی چەند قوتابخانەیەک لە سلێمانی راگیرا

KNN : Kurdish News Network
06:41 - 10/05/2021
کوردستان
+
-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، لەگەڵ چەندین لایەنی پەیوەندیدار لە پەیوەندیدابوون بۆئەوەی پرۆسەی فرۆشتنی ژمارەیەک قوتابخانەی سلێمانی رابگیرێت.

 
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە نوسینێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە تێیدا هاتووە، " نوسراوی شارەوانی کراوە بۆ فرۆشتنی ژمارەیەک قوتابخانەی سلێمانی، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسەمان کردوە و ئێستا ئەم پرۆسەیە راگیراوە، بەڵام هەڵنەوەشاوەتەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، فرۆشتنی ئەو قوتابخانانە بەو شێوەیە نایاساییە، ھیچ پرسێک بە وەزارەتی پەروەردە نەکراوە کە چارەنوسی ئەو خوێندکارانە چی لێدێت.

 

باسی لەوەشکردووە، لەوەڵامی بەدواداچونەکاندا وەزارەتی پەروەردە پێی راگەیاندوون، کە نوسراویان کردوە و بەم کارە رازی نین.

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: بەپێی یاسا ئەگەر شوێنی قوتابخانەیەک بە کەڵکی خوێندن نەما، دەبێت بە پلانی پەورەردە و بەکێبرکێ بێت، کۆی ئەو پارەش لە فرۆشتنی دەستدەکەوێت لە دروستکردنی قوتابخانەدا خەرجبکرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، نوسراوی شاره‌وانی كراوه‌ بۆ فرۆشتنی قوتابخانه‌كانی (گۆیژه‌، هه‌ڵوان، شێخ مه‌حمود، هه‌وار، شه‌هید جه‌مال تاهیر، سه‌ڵاحه‌دین، ئاماده‌یی بازرگانی ئێواران)، لە سلێمانی.

1163 جار خوێندراوەتەوە