هەفتەیى (33)ى خولى ئیسپانیا هەمووى لەبەرژەوەندى بەرشەلۆنە کۆتایى هات،
ئەوەش دواى یەکسانبونەکەى ریاڵ مەدرید و شکستەکەى ئەتڵەتیکۆ مەدرید.
هەفتەى بەرشەلۆنە
لە یارییەکانى هەفتەى (33)ى خولى یانەکانى ئیسپانیادا، یانەى بەرشەلۆنە لە
یارییەکى بەهێزدا توانى بەزەحمەت بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ڤیاریاڵ بباتەوە و
ئەتلەتیک بلباویش دیارییەکى بە نرخى بە بلوگرانا بەخشى ئەوەش دواى ئەوەى توانى بە
دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک شکست بە کوڕەکانى سیمیۆنى بهێنێت، هەرچى ریاڵ مەردیدە
پێشتر لەگەڵ بیتس یەکسان ببو، بەمەش هەفتەى (33)ى خولى ئیسپانیا هەمووى لەبەرژەوەندى
بەرشەلۆنە کۆتایى هات.
بەرشەلۆنە دەچێتە پلەى یەکەم
لەئێستادا، ئەتڵەتیکۆ مەدرید بە کۆکردنەوەى (73) خاڵ پێشەنگى ریزبەندى
گرتووە ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەش بە کۆکردنەوەى (71) خاڵ پلەکانى دووەم و سێیەمیان
گرتووە، بەڵام بەرشەلۆنە یارییەک کەمترى ئەنجامداوە و لە ئەگەرى بردنەوە دەچێتە
پێشەنگى ریزبەندى و خاڵێک دەکەوێت پێش ئەتڵەتیکۆ و سێ خاڵیش دەکەوێتە پێش ریاڵ
مەدرید.
سیڤیلیا، ئەو یانەیەى هیچ فشارێکى لەسەر نیە
یانەى سیڤیلیا کە چاوەکان لەسەرى نین، توانیویەتى (70) خاڵ کۆبکاتەوە و لە
پلەى چوارەمدایە، هەرچەندە تائێستا کەس بە رکابەرى نازانێت، بەڵام تیپەکەى هەرێمى
ئەندەلوس ئاستێکى ناوازە پێشکەش دەکات و هەفتە لە دواى هەفتە بەردەوامە لە چنینەوە
سێ خاڵى یارییەکان و ئەویش بە بێدەنگى چاوى لە بردنەوەى نازناوەکەیە.
پێنج هەفتەى یەکلایى کەرەوە
تەنها پێنج هەفتە لە خولى ئیسپانیا ماوە و لە هەفتەى (38) یارییەکان کۆتایى
دێن، ئەگەر بێت و یانەى بەرشەلۆنە سەرجەم یارییەکان بە یارییە دواخراوەکەشەوە
ببیاتەوە و تەنانەت ئەگەر لەگەڵ ئەتڵەتیکۆ مەدریدیش یەکسان بێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ
ئەنجامى رکابەرەکانى دەبێتە پاڵەوانى ئەم وەرزەى لالیگا.
1019 جار خوێندراوەتەوە