مەلاریا یەكێكە لەو نەخۆشییە كوشندەو ترسناكانەی
توشی مرۆڤ دەبێت، ئەوەش لە رێگای مێینەی مێشولەیەكی تایبەتەوە كە ڤایرۆسی نەخۆشییەكە
دەكاتە لەشی ئەو كەسەی پێوەی دەدات.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان
(25)ی نیسانی هەموو ساڵێكی وەك رۆژی جیهانی مەلاریا دیاریكردووە، كە مەبەست لێی روبەڕووبونەوەی
نەخۆشییەكە و بڵاكردنەوەی هۆشیاری زیاترە لەبارەیەوە.
لە پەیامی ئەمساڵی رێكخراوی تەندروستی جیهانی،
ئاماژە بە كەمبونەوەی ئامارەكانی توشبوون بەو نەخۆشییە دەکرێت، بەجۆرێك لەكۆی (87)
وڵات كە توشبوون بە مەلاریان تێدایە، بەكۆی (46) وڵاتیان كەمتر لە (10) هەزار حاڵەت
تۆماركراوە، لەكاتێكدا لە ساڵی (2000 ) بە (26) وڵات (10) هەزار حاڵەتی مەلاریا تۆماردەكرا.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەئێستادا هەڵمەتی قەڵاچۆكردی
مەلاریاى راگەیاندووە و دەیەوێت تا ساڵی (2025) نەخۆشییەكە بەتەواوی بنەبڕبێت، ئەمە
لەكاتێكدایە بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە لە ساڵی (2019)ەوە زیاتر لە (229) ملیۆن حاڵەتی
توشبوون بە نەخۆشییەكە تۆماركراوە، هاوكات نزیكەی 409 هەزار كەس بەهۆیەوە گیانیان
لەدەستداوە، ئەو ئامارانەش هاوشێوەی چوار ساڵی ڕابرودووە كە توشبوون و مردن لەو
چوارچێوەیەدا ماوەتەوە.
تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوەش دەكات، تائێستا
وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا زۆرترین قوربانی مەلاریایان تێدایە، بەجۆرێك (94%)ى
توشبووانی نەخۆشییەكە دانیشتووانی ئەو كیشوەرەن، ئەوەش پەیوەندی بە هەژاری و دۆخی
خراپی ئەو وڵاتانەوە هەیە.
جگە لەوڵاتانی ئەفریقا، (3% )ى حاڵەتەكانی
توشبوون لە وڵاتانی باشوری ئاسیا، (2% ) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، (1%)ى لە رۆژئاوای
زەریای هێمن و هەردوو ئەمریكابووە.
مەلاریا دوو جۆری هەیە كە یەكەمیان سوكترە و وەڵامدانەوەی
بۆ چارەسەرەكان باشترە، بەڵام جۆری دووەمیان زۆر مەترسیدارە و زۆر جار كەسی توشبوو
بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
نەخۆشییەكە لەڕێی پشكنینی خوێنەوە دەست نیشان دەكرێت،
نیشانەكانی توشبوون بەم نەخۆشییە دوای دە ڕۆژ بۆ مانگێك لە پێوەدانی مێشولەكە دەردەكەوێت،
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ جۆری ڤیرۆسی نەخۆشییەكە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك لە لەشدا دەمێننەوەو
دواتر نیشانەكانی توشبوون دەردەكەون.
لە هەندێ حاڵەتدا نیشانەكانی توشبوون هاوشێوەی
نیشانەی پەتا و ئەنفلۆنزا وەرزییەكانە كەسەكە دوچاری لەرز و تا و سەر ئێشە و دڵ تێكەڵهاتن
دەبێت و دەبورێتەوە، لە هەندێ حاڵەتیشدا نیشانەكان زۆر بە قورسی دەردەكەون، جگە لەوەی
كەسەكە بێهۆش دەكات، توشی كەمخوێنی و كێشەكانی گورچیلە و هەناسە توندی دەبێت، ئەوانەش
ئەگەری مردن زیاتر دەكەن.
752 جار خوێندراوەتەوە