زۆرن ئەو كەسانەی حەزێكی
زۆریان بۆ خواردنی نان هەیە، بەڕادەیەك لە لایان بووە بە خو و بێ نان خۆراكی ژەمەكانیان
پێناخورێت، پسپۆرشانی تەندروستیش روونكردنەوەی خۆیان لەسەر خواردنی نان هەیە و
ئاماژە بە كاریگەرییەكانی دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی
كشتوكاڵی ئەمریكا (100) گرام نانی سپی (270)كالۆری تێدایە لەگەڵ (9.4 ) گرام پرۆتین،
هەروەها (3.6) گرام چەوری، (49) گرام كاربۆهیدرات و (2.3) گرام ماددەی ڕیشاڵی.
پسپۆڕانی تەندروستی
باس لەوە دەكەن، خواردنی نان لە ژەمی بەربانگدا وزە و توانا بە لەشی كەسی رۆژوەوان
دەبەخشێت و هەستی تێری پێدەدات، ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندی بە كاربۆهیدرات و ماددە ریشاڵییەكان.
بەڵام كارەساتەكە ئەوەیە
لەش كاربۆهیدراتەكە دەگۆڕێت بۆ كلوكۆز، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی رێژەی شەكری
خوێن، بۆیە بەردەوام باس لە كەمكردنەوەی بڕی خواردنی نان دەكرێت.
پسپۆڕانی تەندروستی پێیان
باشە نانی سپی بگۆڕێت بۆ نانی جۆ یاخود ئەو نانەی لە دانەویڵە تەواوەكان دروست دەكرێت،
چونكە ئەوانە كاریگەری خراپیان كەمترە، بەو مەرجەی بە بڕێكی كەم بخورێن.
بەشێكی دیكەی هاوڵاتیان
بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا، برنج و ئەو خواردنانەی دیكە كە دەوڵەمەندن بە نیشاستە
و كاربۆهیدرات و بۆ ژەمی ئێوارە ئامادە دەكرێن، بە نانەوە دەیخۆن، ئەوەش زیانی هەیە
و بە هۆكارێكی سەرەكی قەڵەوی دادەنرێت، كاربۆهیدراتی نان و چێشتەكە پێكەوە دەگۆڕێن
بۆ شەكر و لە لەشی كەسەكەشدا دەبێتە چەوری و كۆدەبێتەوە.
كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ خۆراك
سەبارەت بەو بڕەی نانەی پێویستە لە رۆژێكدا بخورێت ئاماژە بەوە دەكەن، نابێت لە (200
بۆ 300) گرام زیاتر بێت، باشترە نانی بۆر بێت، چونكە ماددەی ریشاڵی زیاتر تێدایە و
سودی بۆ تەندروستی هەیە.
2089 جار خوێندراوەتەوە