برنج خواردنی سەرەكی
هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە و زۆرینە بەشێوەیەكی رۆژانە ئامادەی دەكەن، لەمانگی رەمەزانیشدا
بەڕادەیەك دەبێتە خواردنی سەرەكی، زۆر كەس هەیە دەڵێت بێ خواردنی برنج ناتوانێت بەربانگ
بكاتەوە.
شێوازی ئامادەكردنی
برنج زۆرە، بە سادەی و سور و زەرد و روبەهەنار، هەروەها دەكرێتە پێكهاتەی یاپراخ و
چەندین خواردنی دیكەوە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی بە یەكێك لە جۆرەكانی لەسەر خوانی ئێواران
ڕەمەزان بونی هەیە.
پێكهاتەكانی برنج چین؟
پسپۆڕانی خۆراكی
ئاشكرای دەكەن، كوپێك برنج (200) كالۆری تێدایە، لەگەڵ (4.3)گرام پرۆتین و (0.6)
گرام ماددەی ریشاڵی، هەروەها رێژەی كاربۆهیدراتی پێكهاتەكەی (45) گرامە.
لەبەرامبەردا جۆرێكی دیكەی
برنج هەیە كە بە برنجی قاوەی ناسراوە، بەڵام رێژەی پێكهاتەكانی لەگەڵ برنجی سپی جیاواز
و زیاترە، بەجۆرێك لە كوپێكدا (245) كالۆری و (5.5) گرام پرۆتین (3.3) گرام ماددەی
ریشاڵی هەیە، هاوكات (51) گرام كاربۆهیدراتی تێدایە.
لەشی رۆژوەوان چی بەسەردێت
كاتێك هەموو ئێوارەیەك برنج دەخوات؟
برنج بەشێوەیەكی گشتی
خواردنێكی سوكە، بەتایبەت ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست ئامادە بكرێت، واتە لەگەڵ
ئاودا بڕێكی كەم خوێ و زەیتی بۆ بەكاربهێنرێت، ئەگەر بێ ئەو دووانەش ئامادە بكرێت،
ئەوا باشتر و تەندروسترە.
پسپۆڕەكان خواردنی
برنج بە هەڵبژاردەیەكی باش دادەنێن بۆ ژەمی بەربانگ، چونكە وزە بە لەش دەبەخشێت و
هەستی تێربوون دەدات بە كەسەكە، بەڵام بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، دەبێت
ئاگاداری بڕی خواردنی برنج بن، ئەو رێژەیەی دەیخۆن لە سەرچاوەكانی دیكەی كاربۆهیدراتی
كەمبكەنەوە.
برنج كاتێك دەبێت بە كێشەی
سەرەكی، ئەگەر بە بڕێكی زۆر رۆن ئامادەبكرێت، چەوری و گۆشتی لەگەڵدا بێت، چونكە ئەوە
وادەكات ببێتە خواردنێكی چەور و پڕ كۆلیسترۆڵ، هەروەها بڕی كالۆرییەكی زۆر زیاتر بە
لەش دەبەخشێت.
ئەگەر برنج بەهارات
بكرێتە پێكهاتەكەیەوە، ئەو كاتە كێشە بۆ ئەو كەسانە دروست دەكات كە ئازار و برینی
گەدەیان هەیە، زۆرجاریش دەبێتە هۆی دروستبونی گرفتەكانی هەرس لە ڕیخۆڵەكاندا.
برنج و قەڵەوی
ئەنجامی توێژینەوەیەكی
ژاپۆنی كە لە ساڵی (2019) ئەنجامدراوە باس لەوە دەكات، خواردنی برنج رەنگە رێگر بێت
لە زیادبونی كێش و قەڵەوی، ئەوەش پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەیە كە زۆرینە پێیانوایە
برنج هۆكارێكی سەرەكی زیادبونی كێشی لەشە.
توێژینەوەكە باسی لەوە
كردووەخەڵكی ئەو ناوچانەی ژاپۆن و وڵاتانی كیشوەری ئاسیا كە برنج خواردنی سەرەكیانە،
رێژەی قەڵەوی تێیاندا كەمترە، بەراورد بەو وڵاتانەی كەمتر بەكاربەری برنجن.
توێژینەوەكە لە (136)
وڵاتی جیهان ئەنجامدراوە و ئاشكراكردووە، ئەگەر هەر كەسێك ڕۆژانە (50) گرام زیاتر
برنج بخوات كە بڕێكی زۆر كەمە، ئەوا قەڵەوی لە جیهاندا بەڕێژەی (1%) كەم دەبێت،
واتە (650) ملیۆن كەسی لە قەڵەوی ڕزگاریان دەبێت، بەو مەرجەی بەشێوەیەكی تەندروست
برنجەكە ئامادە بكەن.
938 جار خوێندراوەتەوە