هێرشەكان لە عێراق كەلێنە ئەمنییەكان قوڵتر و مەترسى پێکدادانى نەیارەکان زیاتر دەكەن

KNN : Kurdish News Network
10:35 - 19/04/2021
ڕاپۆرت
+
-

بەوتەی بەرپرسە ئەمنی و حكومییەكانی عێراق، زنجیرە هێرشەكانی هەفتەی رابردوی عێراق دەرخەری پێكدادانی مەترسیدارە لە نێوان نەیارە ناوخۆیی و ئیقلیمییەكان كە سەرجەمیان روبەڕوی ئاسایشی وڵات دەبنەوە لە ساڵێكدا كە بڕیارە هەڵبژاردنی تێدا بكرێت.

ئەو بەرپرسانە دەشڵێن: توندوتیژییەكان وادەردەكەون كە پەیوەندییان بە میلیشیا چەكدارەكانی ئێرانەوە هەبێت كە لە هەوڵدان بۆ پشتیوانیكردنی تاران دژ بە نەیارەكانی خۆرئاوا و وڵاتانی كەنداو، ئەمەش لە چوارچێوەی ناكۆكییەكانی تایبەت بە سەپاندنی هەژمون بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو بەرەوپێشچونەش هاوشانە لەگەڵ بەرزبونەوەى ئاستى گرژییە ناوخۆییەكان لەگەڵ نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردن لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتو.

هێرشە موشەكییەكان لەگەڵ هێرشی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن گروپە چەكدارەكان ئەنجام دەدرێن؛ ئاماژەن بۆئەوەی كە ئەو میلیشیایانە لە هەوڵی بەرفراوانكردنی كۆگای چەكەكانیاندان كە پێشتر ئامادەیانكردوە بۆ بڵاوەپێكردن دژبە هێزەكانی ئەمەریكا كە لە عێراقدا جێگیركراون.

ئەو بۆردومانانە بۆ یەكەمجار بونەهۆی كوژرانی سەربازێكی تورك، هەروەها تەقینەوەیەكی دەگمەنی ئۆتومبیلێكی بۆمبڕێژكراو لە بەغدا كە لە دواتر رویدا، دەریخست كە هێزە ئەمنییەكان لەهەوڵدان بۆ پۆشینی توندوتیژییە ناوخۆییەكان پاش چەندین ساڵ لە جۆرێك لە بێدەنگی لە بەغدای پایتەخت.

هەر بە وتەی بەرپرسان، ركابەری لە نێوان ئێران و ئەمەریكا وەك گەورەترین فاكتەرێكی ناسەقامگیری ماوەتەوە، ئەمە سەرەڕای كۆتایی هاتنی ماوەی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا و لێدوانە توند و قسە بێ پەردەكانی لەبارەى دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران  .

لە هێرشەكەی رۆژى چوارشەممەى رابردوو بۆسەر هێزەكانی ئەمەریكا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ یەكەم جارە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بۆمب هاوێژ بۆ بەئامانجگرتنی ئەمەریكا لەهەولێر بەكارهێنرا، لەو بارەیەوە بەرپرسێكی ئەمنی دەڵێت: "فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە بەرەوپێشچون و دۆخێكی ناسەقامگیرا بەكارهێنرا، ئێمە گۆڕانكارییەك بەدی دەكەین لە بەئامانجگرتنی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش وەك پەیامێكە بۆ ئەوەی ئەو گروپە چەكدارانە دەتوانن كات و شوێنی هێرشەكانیان هەڵبژێرن بەبێ وەستان."

بەرپرسانی ئەمنی و هەروەها بەرپرسێكی سەربازیی عێراقی و بەرپرسانی حكومەتیش سەرجەمیان میلیشیا چەكدارەكان تۆمەتبار دەكەن لەو هێرشانەدا كە بە وتەى ئەوان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان دەكرێت.

ئەوان دەڵێن كە پێدەچێت ئەو بەرەوپێشچونانە تۆڵەسەندنەوەیەك بێت بۆ هێرشەكەی پێشتر بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی ناتانز كە تاڕادەیەكی زۆر وا دەبینرێت ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمەریكا ئەنجامی دابێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمی ئیسرائیل هیچ لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەداوە.

بەرپرسێكی حكومەتی عێراق دەڵێت: "ئەمە پەیوەستە بە هێرشەكەی سەر ناتانز و دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا، ئەم هێرشانە بۆ پیشاندانی تواناكانی ئێران بو لە هێرشی موشەكیی پێچەوانە و هەروەها بۆ دەرخستنی پێویستی دانوستان بو،  مەبەست لێی ئەوە بو كە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەروەها دانوستانی بێ ئەنجامیش باجی هەیە."

پشتیوانان و لایەنگرانی میلیشیا چەكدارەكان خۆشحاڵى دەردەبڕن بەو هێرشانە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ گروپێك بە فەرمی خۆشحاڵی خۆی دەرنەبڕیوە.

جاسم حیلفی كە پارێزەرێكی عێراقییە دەڵێت، عێراقییەكان زۆر جار باجی ناكۆكی و گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەدەن، ئەمە دووەم جارە لەماوەی چەند هەفتەیەكی كەمدا كە میلیشیاكان بتوانن هەولێر بكەنە ئامانج، ئەوان نایانەوێت عێراق ئاسایش و سەقامگیر بێت.

ئێران و ئەمەریكا لەم مانگەدا رازی بون بو دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی تاران و چاویان لە ئەگەری گەڕانەوە بو بۆ ئەو رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەی كە لە ساڵى (2018)دا ترەمپ دەستبەرداری بو بەرلەوەی سزاكان بخرێنە سەر ئێران و هەروەها قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران لە ساڵی رابردودا و لە بۆردومانێكی موشەكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەواندا بكوژرێت.

لەوەتەی جۆ بایدن سەرۆكایەتی ئیدارەی ئەمەریكای گرتوەتە دەست، میلیشیا چەكدارە عێراقییەكان سەقفى داواكارییەكانیان بەرزکردوەتەوە، بەتایبەت لە دۆسیەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریكا لە عێراق كە ژمارەیان نزیكەی (2000)سەرباز دەبن، هەروەها بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی.


گرژییەكانی توركیاش لە زیادبوندان

چەند بەرپرسێكی خۆرئاوایی، لەگەڵ بەرپرسێكی میلیشیا چەكدارە عێراقییەكان و سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئێرانی رایگەیاند كە لەمانگی كانونی دووەمی ئەمساڵدا هێرشێكی شكستخواردوی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دژ بە سعودیە لە خاكی عێراقەوە ئەنجامدرا، كە ئەوە بەشێك بو لە پرۆسەی زیادكردنی هێرشەكان لەلایەن گروپەکانى سەربە ئێران دژبە وڵاتانی كەنداو، بەڵام تا ئێستا ئێران لێدوانی نەداوە لەبارەی هێرشەكانی پێشتر دژبە هێزەكانی ئەمەریكا، بەڵام پێشتر رەتیكردەوە كە لە جۆرە هێرشێكی وەك هێرشەكەی سەر كەنداو تێوەگلابێت.

كوژرانی سەربازێكی تورك لەرۆژی چوارشەممە لە هێرشێكی موشەكی بۆ سەر هێزەكانی توركیا كە لە هەرێمی كوردستان جێگیر كراون، بەهەمان شێوە بوە هۆی زیاتر ئاڵۆزبونی دۆخی ئەمنیی عێراق.

میلیشیاكانی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەكرێت لەمساڵدا لێدوانەكانیان دژبە بونی هێزی توركی لە خاكی هەرێمی كوردستان زیادکردوە و ئەو هێزانەیان هاوشێوەی هێزی ئەمەریكی بە داگیركەر ناوبرد و داوایانكرد وڵات جێبهێڵن، هێچ هێزێك راستەوخۆ بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاند لەو هێرشەی كە تیایدا سەربازێكی تورك كوژرا، بەڵام لێكۆڵیاران و شیكەرەوەكان دەڵێن هێرشەكە لەلایەن گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە.

"میلیشیاكان وا دەردەكەون كە بەرەیەكی نوێیان بەرامبەر توركیا كردبێتەوە، ئەوان رەنگە پێكەوە كێشە و ئاڵۆزی راپێچی عێراق بكەن،" ئەمە وتەی بیلال وەهابە كە یەكێكە لە ستافی پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێكۆڵینەوە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك.

گروپەکانى سەر بە ئێران هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان وەك هەڕەشەیەك دەبینن بۆ سەر دەروازەكانیان بۆ سوریا كە رێگەیەكی سەرەكیی بەقاچاخبردنی چەك و شتومەكە، ئێران و توركیا رەنگە خواستیان نەبێت بۆ گرژبونی دۆخەكە، وەهاب دەشڵێت: "تەماشا دەكەین بزانین ئاخۆ ئەو هێرشەی سەر بنكە سەربازییەكەی توركیا لەژێر بەڕەوە چارەسەر دەكرێت یاخود ئاخۆ تەنها دەبێتە بگۆڕی گەمەكە."

حكومەتی بەشەڕهاتوی عێراق

 

وێنەی ئەو ستراتیژەی كە روو لە ئاڵۆزبونی زیاتر دەكات، فشارەكان چڕ دەكاتەوە لەسەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەو كەسەی كە هەوڵیداوە سەركوتی دەسەڵاتی میلیشیاكان بكات و دەیەوێت لە مانگی ئۆكتۆبەردا هەڵبژاردنێكی ئازاد و ئاشتییانە ئەنجام بدرێت، هاوكات نەیارە ناوخۆییەكانیشی هاتونەتە سەر مێزەكەی لەو وڵاتەی كە تێیدا توندوتیژی زۆربەی جارەكان و لە ساڵی هەڵبژاردنەكاندا روو لە زیادبون دەكەن.

لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵدا، تەقینەوە خۆكوژییە هەرە خوێناوییەكەی عێراق كە بەدرێژایی ماوەی سێ ساڵە تەقینەوەی لەو جۆرە روی نەداوە و لەلایەن داعشەوە بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانەكەی راگەیەنرا و لەناوجەرگەی بازاڕدا بو، زیاتر لە 30 كەسی كوشت.

لە رۆژی چوارشەممەی رابردودا، ئوتومبیلێكی بۆمبڕێژكراو لانی كەم چوار كەسی كوشت كە دووەم تەقینەوە بو بوە هۆی ئاڵۆزبون و تێكچونی ئەو هێمنییەی ماوەیەك تاڕادەیەك لەدوای شكستی داعش لە ( 2017) وە هاتوەتەدی، هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی ئەندامانی هێرشەكەی رۆژی چوارشەممەی نەگرتە ئەستۆ و هێزە ئەمنییەكانش تاوەكو ئێستا بەئاشكرا ئەنجامدەرانی تاوانەكەیان دەستنیشان نەكردوە.

هەندێک لە سیاسییە عێراقییەكان وای دەبینن كە تەقینەوەكە دەستی داعشی لە پشتەوە بوە بۆ نانەوەی ئاژاوە و پشێوی. هەندێكی تر دەڵێن رەنگە گروپە چەكدارە نەیارەكانی شیعە بن كە هەوڵدەدەن بۆ ترساندنی یەكتری بەر لە پرۆسەی دەنگدان.

لێكۆڵیاران دەڵێن: لەهەردو حاڵەتەكەدا، ئەوە دەردەكەوێت كە گروپە چەكدارەكان دەتوانن لە دەوروبەری بەغدا چەك و كەرەستەی سەربازی جوڵەپێبكەن و بیگوازنەوە بەبەردەمی هێزە ئەمنییەكانەوە.

وەهاب دەڵێت: "حكومەت نە توانای سیاسی هەیە بۆ رێگری لە میلیشیا چەكدارەكان لە ئەنجامدانی هێرشەكانیان، نە رێكارى ئەمنیی هەیە بۆ راگرتنی ئەو چەكدارانە و لێپێچینەوەیان لە هێرشەكانیان."


نوسینی: جۆن داڤیسۆن، ئەحمەد رەشید
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: رۆیتەرز



300 جار خوێندراوەتەوە