وەرزش نەکردن هۆکارێکى سەرەکییە بۆ توشبون بە کۆرۆنا

KNN : Kurdish News Network
05:51 - 16/04/2021
تەندروستی

ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات، تەمەڵی و وەرزش نەكردن و ئەنجامنەدانی چالاكی رۆژانە، ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و مردن بە ڤایرۆسەكە زیاد دەكات.

توێژینەوەكە لە ئەمریكا لەسەر زیاتر لە (50) هەزار كەس لەنێوانی مانگەكانی كانونی دووەم بۆ تشرینی یەكەمی (2020) ئەنجامدراوە، گۆڤاری بریتش جۆرناڵ ئۆف سپۆرتس میدیسن، ئەنجامەكەی بڵاوكردۆتەوە.

بەپێی ئەنجامەكان ئەو كەسانەی دووساڵ بەر لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە تەمەڵ بوون چالاكی جەستەییان نەبووە، ئەگەر توشبوونیان بە كۆرۆنا و چونە بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانە دواتر مردن بە ڤایرۆسەكە، زیاتربووە بەراورد بەو كەسانەی بەردەوام وەرزش و چالاكی جەستەییان هەبووە.

توێژەرەكان باسیان لەوەكردووە، بەراورد بە جگەرەكێشان و قەڵەوی، نەخۆشییەكانی بەرزی فشاری خوێن و دڵ و شێرپەنجە، تەمەڵی و نەبونی چالاكی جەستەیی زۆرترین كاریگەری لەسەر ڤایرۆسەكە هەبووە و مەترسییەكانی زیادكردووە.

ناوەندی تەمەنی ئەو كەسانەی توێژینەوەكەیان لەسەر ئەنجامدراوە (47) ساڵبووە، سێ بەشیان ژنان بوون و تاڕادەیەك گرفتی قەڵەوی و زیادبونی كێشی لەشیان هەبووە.

نیوە بەشداربووەكان نەخۆشییەكانی شەكرە و دڵ و مولولەكانی خوێن هەروەها گورچیلە، شێرپەنجە، نەخۆشی درێژخایەنی كۆئەندامی هەناسەدانیان نەبووە، بەڵام نزیكەی (20%) یەكێك لەو كێشانەیان هەبووە، (32% )ى دیكەشیان بەدەست دوو یاخود سێ لەو گرفتانەوە ناڵاندویانە.

ئەو بەشداربووانەی توشی كۆرۆنا بوون (9% ) براونەتە نەخۆشخانە و (2%)یان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە مردوون، زۆرینەیان لەوانەبوون كە وەرزشیان نەركردووە و چالاكی جەستەییان نەبووە.

پسپۆڕەكان دەڵێن تەمەڵ و نەجوڵان وایكردووە ئەو كەسانە (73%)ى ئەگەری پێویستیان بە فریاگوزاری زیاتربێت و (2.5) جار ئەگەری مردنیان بەهۆی كۆرۆناوە لەكەسانی دیكە زیاتربێت.

451 جار خوێندراوەتەوە