پێنج لە گرنگترین سودە تەندروستییەکانی رۆژوگرتن

KNN : Kurdish News Network
02:22 - 16/04/2021
تەندروستی
+
-

رۆژوگرتنێکی تەندروست چەندین سوودی تەندروستی هەیە بەڵام گرنگترینیان ئەمانەن:

دابەزینی کێشی لەش:
 دوای (8) سەعات لە هیچ نەخواردن، گەدە بەتاڵ دەبێ، جەستە بۆ بەدەست هێنانی ووزەی پێویست پەنا دەباتە بەر ئەو گلوکۆزەی لەناو ماسولکە و جگەردایە (بۆیە هەست بە شەکەتی ماسولکەکان دەکەین)، دوای تەواوبونی شەکری خەزنکراو ئینجا چەوری زیادە دەتوێتەوە (بۆیە کێش دادەبەزێ).

کەسی رۆژوان بڕێکی زۆری کالۆری سەرف دەکات (1200 کالۆری لەڕۆژێکدا)، ئەگەر خواردنیان تەندروست بێت نزیکەی چوار کیلۆ لە کێشیان دادەبەزێ.

پاک بوونەوە لە پاشەڕۆ و ژەهرەکان:

دوورکەوتنەوە لە خواردن خواردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەش پاک دەکاتەوە لە ژەهر و ماددە زیانبەخشەکانی جەستە، ریخۆڵەکان خاوێن دەکاتەوە و سوڕی خوێن چالاک دەکات.

دابەزینی چەوری خوێن:
چەندین توێژینەوە ئەوەیان دەرخستوە کە بەرۆژوبون رێژەی چەورییە خراپەکان (چەوری دڵ و چەوری سەر جگەر ) دادەبەزێنێ و رێژەی چەوری باش بەرز دەکاتەوە، ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی چەوری خەزن کراوی ژێر پێست و سەر جگەر لەلایەن جەستەوە دوای تەواوبونی شەکری خەزن کراو.

ڕۆژووگرتن بەرگری لەش بەهێز دەکات:
بەڕۆژووبون ئاستی دژە ئۆکسان و دژەهەوکردنەکانی وەکو IL-1b, IL-6, tumour necrosis factor زیاد دەکات ئەمانەش کاریگەری باشیان هەیە بۆ کەم کردنەوەی مەترسی مردنی خانەکان و شێرپەنجەکان و تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پارکینسۆن.
رۆژوگرتن ژمارەی خڕۆکە سپیەکان زیاد دەکات و خڕۆکە پیرەکان ڕادەماڵێ بەمەش سیستەمی بەرگری بەهێزتر دەکات.

هێورکردنەوەی دەروون:

هەرچەندە لە سەرەتای بەڕۆژووبون بەهۆی ووشکبونەوە و دابەزینی ئاستی شەکری خوێن و تێکچونی کاتی خەو و خواردن باری دەروونی تێک دەچێت، بەڵام ووردە ووردە کەسی بەڕۆژوو لەگەڵ ئەم بارە تازەیە رادێت، لە کۆتاییدا بەهۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنەکانی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین و بەهۆی تازەبوونەوەی خانەکانی مێشک؛ بە ڕۆژووبونی رەمەزان کاریگەری باشی دەبێ بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی و سترێس و دڵەڕاوکێ و هەروەها بەرزکرنەوەی ئاستی ئاگایی و تەرکیز و رێزگرتن لە خوود.

 لەلایەکی ترەوە بەڕۆژووبون ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ چارەسەری حاڵەتەکانی ئیدمانبون بە جگەره و ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان.

د.اهات حەوێزی
پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە

700 جار خوێندراوەتەوە