کلاسیکۆى زەوى، چێژ و ترس و رکابەرى و ململانێ

KNN : Kurdish News Network
06:30 - 10/04/2021
وەرزش
+
-

چەند کاتژمێرێکى دیکە، چاوەکانى زەوى روو لە یاریگاى ئەلفرێدۆ دێستێفانۆى بچوک دەکەن، بۆ بینینى گەورەترین دیمەنەکانى سەرکێشى و مێژو و ململانێ و چێژ و ترس، لە نێوان مێرنگى و بلوگرانا.

کاتژمێر (10:00) بە کاتى هەرێم، یاریگاى ئەلفرێدۆ دێستێفانۆ دەبێتە مەیدانى روبەڕوبونەوەى هەردوو گەورەى تۆپى پێ (ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە).

یارییەکە، لە هەفتەى (30) خولى ئیسپانیا (لالیگا) ئەنجام دەدرێت و تێیدا بەرشەلۆنەى میوان بە کۆکردنەوەى (65) خاڵ پلەى دووەمى ریزبەندى گرتووە و ریاڵ مەدریدیش بە (63) خاڵ لە پلەى سێیەم دەبینرێت.

زۆرێک لە شارەزایانى تۆپى پێ، ئەنجامى یارییەکە دەبەستنەوە بە چارەنوسى هەردوو یانە بۆ نازناوەکە، چونکە ئەتڵەتیکۆى پێشەنگ بەردەوامە لە بەخششەکانى و هەفتە لە دواى هەفتە خاڵ لەدەستدەدات.

بەرشەلۆنە دواى دەرکرانى لە خولى یانە پاڵەوانەکان، لەدۆخێکى باشدا دەبینرێت لە خولى ئیسپانی، بەشێوەیەک لە شەش یارى رابردوو توانیویەتى سەرجەم خاڵەکان بچنێتەوە، هەرچى ریاڵ مەدریدیشە دواى بردنەوە گەورەى لە خولى یانە پاڵەوانەکان بەرامبەر لیڤەرپوڵ، بە بەرشەلۆنەى وت هەرچەند پێکانمان زۆر بێت، بەڵام دەتوانین لە گەورەکان ببەینەوە.

ریاڵ مەدرید دەزانێت، بردنەوەى کلاسیکۆ ئەرکى بەدەستهێنانى خولى ئیسپانیا ئاسان دەکات، چونکە ئەتڵەتیکۆى پێشەنگ و بەرشەلۆنە یارییەکیان ماوە بەیەکەوە ئەنجامى بدەن، بۆیە بردنەوەى ئەمشەوى مێرنگى چارەنوسساز و یەکلاییکەرەوەیە.

تایبەت بە هەرێمى کوردستانیش، هەردوو یانە خاوەن جەماوەرێکى زۆرن و چەند رۆژێکە هاندەرانیان بە بەترس و چێژەوە چاوەڕوانى ئەمشەو دەکەن و تا فیکەى کۆتایى دەستیان لەسەر دڵیان دەبێت.

357 جار خوێندراوەتەوە