یەکێتى ئەوروپا پارەى زیاتر دەداتە ئەردۆغان بۆ رێگریکردن لە شەپۆلێکى کۆچبەران

KNN : Kurdish News Network
10:32 - 08/04/2021
جیهان
+
-

یەکێتى ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە شەپۆلێکى نوێى کۆچبەران، پارەیەکى زیاتر دەخاتە بەردەم تورکیا، بەپێى ئامارێکیش رێککەوتنى تورکیا و ئەوروپا گەیشتنى پەنابەرانى بۆ ئەوروپا بەرێژەیەکى زۆر کەمکردووە.


رۆژنامەى تایمزى بەریتانى رایگەیاند: لە چوارچێوەى سەردانى چارلی میشێل سەرۆکى ئەنجومەنى ئەوروپا و ئۆرسۆلا فۆندەر لایەن سەرۆکى کۆمیسیۆنى ئەوروپا بۆ ئەنقەرە، پێشنیارى پارەیەکى زیاتریان بۆ ئەردۆغان کردووە بۆ رێگریکردنى لە شەپۆلێکى نوێى کۆچبەران.

بەپێى هەواڵەکە، سەرکردەکانى یەکێتى ئەوروپا بڕیارى نوێکردنەوەى رێککەوتنى کۆچبەران داوە کە پێش پێنج ساڵ لە نێوان یەکێتى ئەوروپا و تورکیا واژۆکرابوو، بەڵام ئەردۆغان لەبەرامبەر رێگریکردنى ئەو شەپۆلە نوێیەى کۆچبەران پارەیەکى زیاتر لە یەکێتى ئەوروپا وەردەگرێت.


بەپێى رێککەوتنى (2016)ى نێوان تورکیا و یەکێتى ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران، یەکێتى ئەوروپا (شەش ملیار یۆرۆ)ى پێشکەش بە تورکیا کردبوو.

لەچوارچێوەى رێککەوتنى تورکیا و یەکێتى ئەوروپا، گەشتنى پەنابەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان کە دەروازەى چونى پەنابەرانە بۆ ئەوروپا بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمى کردووە، لە کاتێکدا ساڵى (2019) نزیکەى (60) هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندۆتە یۆنان، ئەم ژمارەیە لە ساڵى (2020) دابەزیوە بۆ نزیکەى (10) هەزار کۆچبەر.

682 جار خوێندراوەتەوە