لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم چەند بڕیارێکى نوێى دەرکرد و
رایگەیاند، بە فەرمى رۆژانی پێنجشەممە لە دام و دەزگاکان دەکرێتە پشوو، وتیشى؛
رێکارەکان توند دەکرێنەوە و زانکۆ وپەیمانگە و قوتابخانەکان بە کەرتی گشتی و تایبەتەوە
تا رۆژى (10/4/2021) دادەخرێن.
د.سامان بەرزنجى وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دواى
کۆتایی هاتنى کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەێم لەبارەى رێکارە
نوێیەکان رایگەیاند: کافتریا و رێستۆرانتەکان لە کاتژمێر (9)ى شەو تا (6)ى بەیانى
دادەخرێن.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئێستا هەرێمى کوردستان لە قۆناغی تەشەنەکردن و بڵاوبونەوەی
کۆرۆنادایە و ژمارەى توشبوان بە خێرایى بەرزدەبنەوە.
لەبارەى رێکارەکان بۆ قۆناغی ئێستا رایگەیاند، لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى
کۆرۆنا بڕیاریداوە بە داخستنی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکان بە کەرتی گشتی و تایبەتەوە تا رۆژی (10/4/2021).
وتیشى، تەواوى هۆڵەکانى بۆنە و هۆڵە وەرزشیەکان دادەخرێن و هەموو کۆڕ و کۆبونەوە
و ڤیستیڤاڵەکان رادەگیرێن و هیچ ئاهەنگ و کۆبونەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئەنجام نادرێت.
وەزیرى تەندروستى هەرێم راشیگەیاند، یانە و کافتریا و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی
نێرگەلە لە کاتژمێر (9)ى شەو تا کاتژمێر (6)ى بەیانى دادەخرێن.
د.سامان بەرزنجى وتیشى؛ سەپاندنی سزا بۆ خاوەنی ئەو شوێنانە دیایکراوە کە دەبێتەهۆی
نەبەستنی ماسک و ئەنجامدانى کۆڕ و کۆبونەوە.
جەختیشیکردەوە کە بەردەوامی دەدەن بە بەپشکنینی سەرجەم ئەو کەسانەی لە رێگەی
مەرزەکان و فڕۆکەخانەکانەوە دەگەڕێنەوە ناو هەرێمی کوردستان.
لەبارەى بڕیارەکانى لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم، وەزیرى
تەندروستى رایگەیاند، بە فەرمى رۆژانی پێنجشەممە
لە دام و دەزگاکان دەکرێتە پشوو.
5262 جار خوێندراوەتەوە