دلێر حسێن: مەرکەزیەت نادادى کۆمەڵایەتى و جوگرافى دروست دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:22 - 12/03/2021
کوردستان

ئەندامێکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەو كێشانەی بەرۆكی هەرێمی گرتووە لەئەنجامی بە هەڵە ئیدارەدانە و باشترین سیستم بۆ ئیدارەدانی حكومڕانی هەرێم لامەركەزیەتە، دەشڵێت: هەمو هەوڵێکیان بۆ جێگیرکردنى لامەرکەزیەت خستوەتەگەڕ.

 

دلێر حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) وتى: بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە پەرە بە لامەركەزیەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بدرێت، باوەڕمان وایە كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەلایەن كەسێك و مەركەزێكەوە نادادی كۆمەڵایەتی و جوگرافی دروستدەكات.

 

جەختیکردەوە، وەكو فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەمو هەوڵێكیان خستوەتەگەڕ بۆئەوەی پرۆژەی لامەركەزی جێگیربكرێت.

 

ئەندامەکەى فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو پرۆژانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە پێویستی بە رێككەوتنی هەموو لایەك هەیە، بەڵام مەبدەئێك هەیە بەزۆرینە و كەمینە كارەكان رایى دەكات، هەم لە دەركردنی یاسا و هەم لە ئیدارەدانی یەكە كارگێڕییەكاندا.

 

دلێر حسێن دەڵێت: "لە ئێستادا پێمانوایە باشترین و گونجاوترین سیستم بۆ ئیدارەكانی حكومڕانی هەرێم لامەركەزیەتە، ئەو كێشانەی بەرۆكی هەرێمی گرتووە لەئەنجامی بە هەڵە ئیدارەدانی هەرێمە لەلایەن تاكە كەسەوە".

455 جار خوێندراوەتەوە