سوریا دوای (10) ساڵ؛ سەدان هەزار کوژراو و ملیۆنان ئاوارە

KNN : Kurdish News Network
09:56 - 10/03/2021
ڕاپۆرت
+
-

(10) ساڵ لەمەوبەر هاوڵاتیانی سوریا لە ژێر کاریگەری بەهاری عەرەبیدا ویستیان سیناریۆکەی تونس و میسرییەکان دوبارەبکەنەوە و لەڕێی خۆپیشاندانەوە بەشار ئەسەد ناچار بەجێهێشتنی ئەو کورسیە بکەن کە بە میرات لە باوکیەوە بۆی بەجێماوە، بەڵام خەونی سورییەکان پێچەوانە بوەوە، لەبری مۆدێلەکەی میسر و تونس، دوچارى هەمان سیناریۆى لیبیا بوون، خۆپیشاندان بۆ شەڕی ناوخۆ سەری کێشا، سەدان هەزار کەس کوژران و چەندین ملیۆنیش ئاوارە بوون، سوریا لەلایەک بو بە وێرانە لەلایەکی تریشەوە بو بە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان.

دوای تێپەڕبوونی دەیەیەک بەسەر شەڕی ناوخۆدا ئامارە مەترسیدارەکان پێمان دەڵین، ئاسایی بونەوەی ژیان لەوناوچانەی سوریا کە بون بە گۆڕەپانی شەڕ لە ئاستی مەحاڵدایە.

 

سەدان هەزارکوژراو و ملیۆنان ئاوارە

بەپێی دواین راپۆرت کە لەبارەی زیانەکانی (10) ساڵی رابردووی شەڕی سوریاوە ئامادەکراوە، لەو ماوەیەدا (600) هەزار هاوڵاتی سوریا کوژراون کە (55) هەزاریان منداڵبوون، هەروەها (12) ملیۆن کەسیش ئاوارەبون کە یەکسانە بەنیوەی ژمارەی دانیشتوانی سوریا.

 

زیاتر لە ترلیۆنیک دۆلار بۆ کوشتن و وێرانکاری

بەپێی ئەو راپۆرتە کە لەلایەن ریکخراوی (ۆرلد فیژن ئینتەرناشناڵ)ـەوە ئامادەکراوە کە رێکخراوێکی  نێودەوڵەتی سەربە ئاینی مەسیحیە و لە بوارەکانی هاوکاری مرۆیی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بانگەوازی ئاینی مەسیحیدا کاردەکات، تێچوی شەڕی ناوخۆى سوریا بە ترلیۆنێک و (200) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە کە یەکسانە بە بوجەی (10) ساڵی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

ئەو کاریگەریانەی بەهۆی ئەو شەڕەوە لەسەر ئابوری سوریا دروستبووە، بە جۆرێکە کە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە لەڕووی کاتەوە پێویستی بەزیاتر لە دەیەیەک و لە رووی بودجەشەوە پێوستی بە بڕە پارەیەکە، کە زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە لە (10) ساڵی رابردودا بۆ وێرانکردنی ئەو وڵاتە و کوشتنی هاوڵاتییەکانی خەرجکراوە.

لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سوریا، لە راپۆرتەکەدا خەمڵاندن بۆ تێچوی لێکەوتە ئابورییەکانی  شەڕی سوریا کراوە، بەپێی ئەو خەمڵاندنە ئاسایی کردنەوە دۆخی ئابوری سوریا پێویستی بە ترلیۆنێک و (400) ملیار دۆلارە، بەڵام تێچوەکە زیاتر دەبێت و دەگاتە ترلیۆنێک و (700) ملیار دۆلار، ئەگەر کار لەسەر ئەو کاریگەریە نەرێنیانە بکرێت کە لەسەر تەندروستی منداڵان و دورکەتنەوەیان لە پڕۆسەی خوێندن دروستبووە.

ئەوهاوکارییە مرۆییانەش کە لە (10) ساڵی رابردوودا بۆ سوریا تەرخانکراوە، نەبوەتە جێگرەوەی ئەو زیانەی کە بەریکەوتوە، چونکە بڕەکەی (19) ملیار و (400) ملیۆن دۆلار بووە، کە دەکاتە (1.6%)ی  ئەو زیانانەی کەبەر ژێرخانی ئەو وڵاتە کەوتوە.

 

گەنجان.. قوربانی یەکەمی جەنگى سوریا

 

بەپێی روپێویەک کە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوری نێودەوڵەتی ئەنجامیداوە، گەنجانی سوریا بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (18) بۆ (25) ساڵیدایە زۆرترین زیانیان بەهۆی شەڕی ناوخۆی (10) ساڵەی ئەو وڵاتەوە بەرکەوتوە، چونکە بەشێکی زۆریان کەسێکی نزیک یان هاوڕێیەکیان بەهۆی شەڕەوە لە دەستداوە.

فابریزین کاربۆنی، بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، یەکێک لەدەرئەنجامەکانی ئەو روپێویە توشی شۆکی کردین، چونکە بەپێی ئەو دەرئەنجامە (50%) هاوڵاتیانی سوریا ئەندامێکی خێزانەکەیان یان هاوڕێیەکیان لەدەستداوە، هەروەها لەنێوان هەر شەش هاوڵاتیەکدا، یەکێکیان دایک یان باوکی لە دەستداوە، یاخود بەهۆی شەڕەوە برینداربوون. 

 

گەڕانەوە بۆخاڵی سەرەتا

دوای (10) ساڵ لە شەڕ و ململانێی سەرقاڵبونی جیهان بە سوریاوە، لە رووی ساسیەوە دۆخی ئەو وڵاتە توشی جۆرێک لە چەقبەستوویی بوە بەتایبەتی دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لەبارەی نوسینەوەی دەستور شکستی هێنا، لە رووی مەیدانیشەوە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا نزیکە، چونکە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە سەرەتا بانگەشەی رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان دەکرد تەنها نیوەی پارێزگای (ئیدلب)یان لەژێر دەسەڵاتدا ماوە کە رووبەرەکەی سێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و دەکاتە کەمتر لە (2%) کۆی خاکی سوریا .

349 جار خوێندراوەتەوە