ئەو سەرکردەیەی لەسەرەتای راپەڕینەوە لە خەمی ئەمڕۆدابوو

KNN : Kurdish News Network
11:01 - 08/03/2021
ڕاپۆرت

(30) ساڵ بەسەر راپەڕینی ئازاری ساڵی (1991) تێدەپەرێت، زۆرینەی بەشداربوانی ئەو رووداوە مێژوویە و نەوەکانی دواتریش؛ کۆکن لەسەر ئەوەی حزبە فەرمان ڕەواکان و دەسەڵاتدارانیان نەیانهێشت تەواوی خواستەکانی خەڵکی راپەڕیوی کوردستان بە دیبێت نەوشیروان مستەفا وەک ئەندازیاری سەرەکی ڕاپەڕین، بە ماوەیەکی کەم لە دوای راپەڕین ئەم تێڕوانینەی لادروست بوو،  کە ئامانجی دەسەڵاتدارەکان و حزبە فەرمان ڕەوانکان  دامەزراندنی سیستمێکی حوکمڕانی دادپەروەر و ڕەشید نیە بۆ  گەلی کوردستان کە تێیدا بەمافەکانی بگات، بەڵکو دەیانەوێت لەڕێگەی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستانەوە حوکمی خۆیان بسەپێنن و دەست بەسەر خێر و بێری نیشتماندابگرن.

نەوشیروان مستەفا بەر لەهەموو کەس درکی بەم مەترسیە کردبوو، هەر ئەوکاتیش بە راشکاوی لەبارەی داهاتووی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا.

لەو بارودۆخەدا کە هەرێمی کوردستان بەرەو پاشاگەردانی هەنگاوی دەنا، لەبری راستەڕێکردنەوەی حوکمڕانی؛ بەرپرسە حزبیەکان سەرقاڵی تاڵانکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فرۆشتنی کەلوپەکانی بوون بە وڵاتانی دراوسێ، دەگمەن بوون ئەوکەسانەی کە لەخەمی سەرپێخستنەوەی پڕۆسەی ئیدارەدانی دەوڵەت و پێشکەشکردنی نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی کوردی و دیموکراتیزەکردنی ئەم هەرێمە بوون، کردار و گوفتارەکانی دەیسلەمێنن کە نەوشیروان مستەفا رێبەرایەتی ئەو کەسایەتیە دەگمەنانەی دەکرد کە خواستیان بوو دیموکراسی راستەقینە و حوکمرانیەکی تەندروست بچەسپێنن.

نەوشیروان مستەفا وەک ئەندازیار و سەرکردەی سەربازی  مەیدانی ڕاپەرین تەنها خەونی گۆرینی دەسەڵاتی بەعس نەبوو بۆ دەسەڵاتێکی کوردی، ئامانجی سەرەکی و ستراتیژی نەوشیروان مستەفا ئەوەبوو  ڕاپەڕین بکاتە هۆکاڕێک بۆ  دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات و  دەوڵەتێک کە مافی هاوڵاتیی بوون تێیدا پارێزراو بێت، بەڵام هاوسەنگ کردنی هاوکێشە سیاسیەکانی ئەوکاتەی هەرێم و بە پیرۆزکردنی حزب و پاراستنی بەرژوەندییەکانی لەگەڵ ئەو هەوڵە لۆژیکیەدا یەکی نەدەگرتەوە، سەر ئەنجام حکومەت لەسەربنەمای پشکپشکێنە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەمای تەکنۆکراتی پێکهێنرا، حکومەتێک  کە گەرای گەندەڵی تێدا دانرا و هەرێمی کوردستانی بەرە و شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی ئاراستە کرد.  

نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی واقیع بین و چاکسازی خواز تاکۆتایی  تەمەنی دەستبەرداری فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر بۆ نەوە یەک لەدوای یەکەکان نەبوو، سەرەڕای هەموو گوسپەکانی بەردەمی بەو پەری ئیرادەوە تا دوا چرکەی ژیانی بۆ ئامانجەکانی ڕاپەرین کە خۆی نەخشەی کێشابوو بەردەوام بوو، ئەو دەیویست راپەرین بکرێتە وێستگەی بشترکردنی ژیانی خەڵک نەک ئامرازێک بۆ موزایەدە، وەک ئەوەی زۆرێک لە بەرپرسە حزبیەکان بە درێژایی (30) ساڵی رابردوو کردویانە، راپەڕین وەک فەزڵ و چاکەی خۆیان بەنەوەکانی دوای راپەرین دەفرۆشنەوە.

تەمەنی راپەرین (30) ساڵی تەواو کرد، بەڵام شێوازی حوکمرانی هەرێم پێچەوانەی خەونی خەڵکی راپەڕیوە، ئەوەی کە هاتوەتەدی ئەو هۆشداریانەیە کە لە ساڵی (1992) نەوشیروان مستەفا لەبارەی ئایندەی هەرێمەوە دای.

بە بەراوردکردنێکی ئاسایی لەنێوان پەیام و هۆشدارییەکانی ئەوسەردەمەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ واقیعی ئێستای کوردستان، دەگەینە ئەو راستیەی ئەگەر ئەو سەردەمە  کار لەسەر هۆشداریەکانی بکرایە ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی حکومەتێکی خزمەتگوزار و هەرێمێکی خاوەنی سەروەری بوو، دەسەڵاتەکان لەیەکتر جیاکرابونەوە، یاسا سەروەر و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبوو، هەرێمی کوردستان خاوەنی سوپایەکی نیشتیمانی  بوو، گەندەڵی و ناشەفافی نەدەبونە بەشێکی دانەبڕاو لەسیستمی حوکمڕانی.

130 جار خوێندراوەتەوە