توێژینەوەیەک شێوازى کوشتنى فیرعەونێک ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:06 - 27/02/2021
هەمەڕەنگ

ئەنجامی توێژینەوە و وێنەگرتنی تیشکی سی تی سكان كە بۆ مۆمیای (سەقەن رەع تاعای دووەم) ناسراو بە فیرعەونە ئازاكە ئەنجامدراوە، شێوازی كوشتنە دڕندانەكەی ئاشكرا دەكات.

فیرعەونە ئازاكە، ئەندامی خێزانی حەڤدەیەمین بووە و حوكمی باشوری میسریان كردووە لە نێوان ساڵانی (1555-1560)ى پێش زاین، كە شاری تیبە پایتەختیان بووە.

(سەقەن رەع تاعای دووەم) لە شەڕێكدا بەدیل گیراوە كە تێیدا سوپاكەی ڕوبەڕوی هێزەكانی هەكسۆس بەسەركردایەتی شا ئەبوفیس بۆتەوە.

بەپێی توێژینەوەكە، فیرعەون لە كەشێكی ئاهەنگ گێڕاندا كوژراوە، بەلایەنی كەمەوە پێنج كەس هێرشیان كردۆتە سەر كە چەند جۆرێكی جیاواز چەكیان پێبووە، ئەویش لەدواوە هەردوو دەستی بەستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، پسپۆڕەكان بۆیان دەركەوتووە  ڕێژەی برینەكانی جەستەی زۆر زیاتربووە لەوەی پێشتر بیریان لێكردبوەوە، كاتێكیش ڕوبەڕوی ئەو كۆتاییە خەماوییە بۆتەوە كە سوپاكەی بەرامبەر هێزەكانی هەكسۆس شكاوە.

لە توێژینەوەكەدا شوێنەوارناسێكی ناسراوی میسری بەناوی زاهی حەواس بەشداریكردووە لەگەڵ سەحەر سەلیم مامۆستای وێنەگرتنی تیشكی لە زانكۆی قاهیرە، ئەنجامی توێژینەوەكەش لە گۆڤاری وەرزی (Frontiers in Medicine) تایبەت بە شوێنەوار بڵاوكراوەتەوە.

تەرمی مۆمیاكراوی (سەقەن رەع تاعای دووەم) لە گۆڕستانی (320)ى تیبە لە ساڵی (1881) دۆزرایەوە، ساڵی ڕابردوو بۆ زانینی هۆكاری مردنەكەی بە تیشكی سینی وێنەگرتنی بۆ كراو دەركەوت سەری زەبرێكی زۆری بەركەوتووە و برینداری زۆری هەبووە.

ئەمساڵیش بۆ توێژینەوەكە بە سی تی سكان وێنەی تیشكی بۆ مۆمیاكە گیرا، زانیاری ورد و نوێ لەبارەیەوە ئاشكرا كرا.

پێشتر چەند لێكدانەوەیەكی جیاواز بۆ مردنی فیرعەونە ئازاكە دەكرا، یەكێكیان باسی لەوە دەكرد لەكاتی شەڕ لەگەڵ هەكسۆس لە كۆشكەكەیدا گەلەكۆمەى لێكراوە.

ئەفسانەیەكی كۆن باس لەوە دەكات، ئەبوفیس ویستوێتی كەركەدەنێكی گەورەی ئاوی ڕاوبكات كە لە تیبە ژیاوە، چونكە بە دەنگە بەرزەكەی لەكاتی خەودا بێزاری كردووە، لەوكاتەشدا فیرعەونە ئازاكە لەوێ بووە و بەو هۆیەوە كێشە و جەنگ لەنێوانیاندا دروستبووە.

3812 جار خوێندراوەتەوە