چۆن هەردوو جۆرەكەى کۆرۆناى کۆن و نوێ جیادەکرێتەوە؟

KNN : Kurdish News Network
02:47 - 27/02/2021
تەندروستی
+
-

بڵاوبونەوەی جۆرە نوێكەی كۆرۆنا لە بەشێكی وڵاتانی جیهان و هەڵكشانی ژمارەی توشبووان، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری دروستكردووە، ئەوەش وای لە پسپۆڕەكان كردووە توێژینەوەی نوێ و جیاواز لەبارەیەوە ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی جیاوازی نێوان هەردوو جۆرەكە بدۆزنەوە.

جۆرە نوێكە بۆ یەكەمجار لە ناوچەیەكی باشوری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا دەستنیشانكرا، ناوی (B.1.1.7) لێنراوە و تائێستا حاڵەتەكان لە (120) وڵات و ناوچەی جیاوازی جیهان دیاریكراوە، هەرێمى كوردستان و عێراق یەكێكە لەو ناوچانە.

لۆسار فیلەر سەرۆكی پەیمانگای ڕۆبەرت كوخى ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەكات، جۆرە نوێكە خێراتر دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە ڕێكارەكانی ڕوبەروبونەوەی بەشێوازێكی توندبێت تاوەكو سنورێك بۆ ژمارەی توشبووان دابنرێت.

ئەو پسپۆڕە باسی لەوەكردووە، زانیارییەكان لەبارەی جۆرە نوێكەوە كەمن، بەڵام نوسینگەی ئاماری نیشتمانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ كەمی زانیارییەكان بەڵام چەند جیاوازییەك لەنێوان دوو جۆرەكەدا هەیە.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دەكرێت لەڕێی نیشانەكانەوە هەردوو جۆرەكە جیابكرێتەوە؟

جیاوازی لە نیشانەكاندا:
بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان ئەوانەی توشی جۆرە نوێكە بوون، نیشانەكانیان زیاتر قوڕگ ئێشە و كۆكەبووە، هەستیان بەماندوێتییەكی زۆری جەستەیان كردووە، بەڵام بەدەگمەن هەستی تامكردن و بۆنكردنیان لەدەستداوە، كە یەكێك بوو لە دیاترین نیشانەكانی كۆڤید 19ی كۆن.

سەبارەت بە گۆڕانكاری لە نیشانەكانی كۆئەندامی هەناسەدان و سەرئێشە و  هەناسە  توندی، تائێستا هەست بەجیاوازییەك نەكراوە.

لای خۆیەوە كریستۆڤ سپێچ پزیشك و ڕۆژنامەنوسی بواری تەندروستی باسی لە جیاوازییەكی زۆر سادە كردووە و دەڵێت: "ئەگەر هەستی تامكردن و بۆنكردنت لەدەستدا، ئەوە نیشانەی كۆرۆنای كلاسیكییە، بەڵام ناكرێت هەمان نیشانە لە كۆرۆنای نوێدا هەبێت، پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە".

توێژینەوەكان ئاشكرای دەكەن جۆرە نوێكە زۆر خێراتر بڵاودەبێتەوە، ڕەنگە ئەوە هۆكارێكیش بێت بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی مردن، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەك لەوبارەیەوە بەردەست نییە.

1722 جار خوێندراوەتەوە