لە خۆپیشاندانەکەى پارێزگاى زیقاردا دوو خۆپیشاندەر کوژران

KNN : Kurdish News Network
08:07 - 26/02/2021
عێراق

کۆمسیۆنى باڵاى مرۆڤ لە عێراق ژمارەى کوژراو و بریندارەکانى خۆپیشاندانەکەى ئەمرۆى پارێزگاى زیقار ئاشکرا دەکات و لەبارەى دۆخى ئەمنى ئەو پارێزگایەش هۆشدارى دەدات

لە راگەیەنراوێکدا کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندوە، بەپێى ئەو داتایانەى تیمەکانیان تۆماریان کردوە، لە خۆپیشاندانەکەى ئەمرۆى پارێزگاى زیقاردا دوو خۆپیشاندەر کوژراون و (147) کەسى دیکەش لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق هۆشدارى داوە لەبارەى دۆخى پارێزگاى زیقار و لەو بارەیەوە رایگەیاندوە، بەردەوامبوونى دۆخى ناجێگیرى ئەمنى و چارەسەر نەکردنى کێشەکانى ئەو پارێزگایە، دەبێتەهۆى دروست بوونى پشێوى زیاتر، ئەوەش قوربانى زیاترى لێدەکەوێتەوە.

 

لاى خۆشیەوە عەلى بەیاتى ئەندامى کۆمسیۆنى باڵاىمافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لەماوەى پێنج رۆژى خۆپیشاندانەکانى پارێزگاى زیقاردا پێنج خۆپیشاندەر کوژراون و (271) کەسیش برینداربوون، لەو ژمارەیەش (147) کەسیان ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان بوون.


ئەوەش دواى ئەوە دێت کە ماوەى پێنج رۆژە خۆپیشاندان لە پارێزگاى زیقارى باشورى عێراق بەردەوامە.

170 جار خوێندراوەتەوە