پێنج سەرچاوەی سەرەكی پرۆتین جگە لەگۆشت

KNN : Kurdish News Network
08:51 - 24/02/2021
تەندروستی
+
-

پرۆتین یەكێكە لە پێكهاتە گرنگ و پێویستەكانی لەش، كە بۆ دروستكردنی ماسولكە و قژ و نینۆك زۆر گرنگە، هاوكات بونی لە لەشدا چەندین سودی دیكەی هەیە، بێگومان ئەگەر زیاد لە بڕی پێویست نەبێت.

 

 
گۆشت بە سەرجەم جۆرەكانییەوە بە تایبەت گۆشتی سور، بە سەرچاوەی سەرەكی دەستكەوتنی پرۆتین دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك كەس هەن، چەند گۆشت بخۆن بڕی پێویستی پرۆتینیان دەست ناكەوێت، یاخود بە هۆكاری جیاواز خواردنی گۆشتیان لێ قەدەغە دەكرێت و نازانن پێویستی پرۆتینی لەشیان بە چی پڕ بكەنەوە.

 

پسپۆڕەكان دەڵێن دەكرێت لەبری گۆشت پشت بەچەند سەرچاوەیەكی خۆراكی ببەسترێت بۆ دەستكەوتنی پرۆتین بەتایبەت سەرچاوە ڕووەكییەكان، بۆ ئەوەش پێنج جۆریان دیاركردووە كە بە باشترین و دەوڵەمەندترین دادەنرێن، ئەوەش سودێكی زۆری بۆ تەندروستی ئەو كەسانە دەبێت.

سەرچاوەكاتنی پرۆتین جگە لە گۆشت بریتین لە:

1- پاقلە و نیسك و فاسۆڵیا: دەوڵەمەندن بە پرۆتینە ڕووەكییەكان لەگەڵ ڕیشاڵەكان و ڤیتامین بی، هەروەها بڕێكی زۆری ئاسن و ترشی فۆلیك لە پێكهاتەكەیاندا هەیە، ئەمە جگە لەوەی بڕێكی كەم چەوریان تێدایە ئەوەش سودەكانیان زیاتر دەكات.

2- چەرەساتەكان: سەرچاوەیەكی سەركی پرۆتینن و دەتوانرێت سودێكی زۆریان لێوەربگیرێت بەتایبەت، گوێز و فستق و بادەم، لەگەڵ گازۆر و ناوكی گوڵە بەڕۆژە.

3- هێلكە: خواردنی یەك هێلكە تەنها 75 كالۆری بە لەش دەبەخشێت، لەبەرامبەردا بڕی حەوت گرام پرۆتینی تێدایە، ئەوەش وایكردووە ببێتە یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی پرۆتین.

4- شۆفان: خواردنی لە ژەمی بەیانیاندا زۆر گرنگە چونكە بڕێكی زۆر پرۆتینی تێدایە، هەروەها دەتوانرێت بۆ هەمان مەبەست سود لە برنج و ئاردی بۆر وەربگیرێت.

5- سەوزەكان: بەشێوەیەكی گشتی سەوزە و میوە بڕێكی كەم پرۆتینی تێدایە، بەڵام بروكلی و كەلەرمی برۆكسل و هیلیۆن و ئارتیشوو، سێیەكی كالۆرییەكەیان لە پرۆتین پێكهاتووە.

1476 جار خوێندراوەتەوە