دووەم سزاى زیندانیکردن بەسەر سەرۆکى پێشوى دەستەى خانەنشینى عێراقدا سەپێنرا

KNN : Kurdish News Network
02:20 - 24/01/2021
عێراق

لەماوەى کەمتر لەهەفتەیەکدا بۆ دووەم جار  لەسەر دۆسیەى گەندەڵى سزا بەسەر سەرۆکى پێشوى دەستەى خانەنشینى عێراقدا سەپێنرا .

میدیاکانى عێراق لە زارى سەرچاوەیەک لە دەسەڵاتى دادوەریەوە بڵاویانکردەوە، لەسەر دۆسیەى وەرگرتنى بەرتیل لە بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى کى کارد، دادگا سزاى شەش ساڵ زیندانى کردن و پێبژاردنى بڕى (10) ملیۆن دینارى بەسەر ئەحمەد عەبدولجەلیل ئەلساعدى سەرۆکى پێشوى دەستەى خانەنشینى عێراقدا سەپاندوە.

 

هاوکات سەرچاوەیەک لە دەسەڵاتى دادوەرى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى راگەیاندوە، لەسەرهەمان دۆسیە سزاى چوار ساڵ زیندانیکردن بەسەر بەها عەبدولحسێن عەبدولهادى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى کیى کارد دا سەپێنراوە.

بەوتەى سەرچاوەکە، ئەودۆسیەیە دووەمین دۆسیەى سەرۆکى پێشوى دەستەى خانەنشینى عێراق لەکۆى شەش دۆسیەى یاسایى کە دژى سەرۆکى پێشوى دەستەى خانەنشینى عێراق جوڵێنراوە.

رۆژى (19)ى ئەم مانگەش لەسەر دۆسیەى وەرگرتنى بڕێک پارە لە بەرامبەر گرێبەستى دڵنیایى تەندروستى، دادگاى تایبەت بە روبەڕوبونەوەى گەندەڵى سزاى شەش ساڵ زیندانى کردنى بەسەر سەرۆکى پێشوى دەستەى خانەنشینى عێراقدا سەپاند.

215 جار خوێندراوەتەوە