کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان پێشنیارى دواخستنى هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:54 - 14/01/2021
عێراق
+
-

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق داوا لە سێ سەرۆکایەتیەکە دەکات وادەیەکى دیکە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دیارى بکەن،دیجیتاڵ میدیاى (KNN) یش هەوڵى چەند لایەنێکى سیاسى بۆ دواخستنى هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات.

میدیاکانى عێراق بڵاویانکردەوە، کۆمسیۆنى هەڵبژادنەکان سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراقى ئاگادارکردوەتەوە لەوەى کە ناتوانن لەو ماوەیەى کە لەبەردەستیاندا ماوە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت ئەنجام بدەن و پێشنیارى ئەوەى کردوە کە هەڵبژاردنەکە بۆ دواى مانگى ئەیلول دوابخرێت.

سەرچاوەیەکیش بە چەند میدیایەکى عێراقى راگەیاندوە، بریارە لەچەند رۆژى داهاتودا کۆبونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتیەکانى عێراق و کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامبدرێت بۆئەوەى وادەیەکى دیکە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دیارى بکەن.

 

بەپێی بەدواداچونی دیجیتاڵ میدیاى (KNN) يش چەند لایەنێکى سیاسى پێشنیاریان کردوە هەڵبژاردن بۆ مانگى تشرینى یەکەم یاخود تشرینى دووەم دوابخرێت.

 

لەلایەکى ترەوە چەند میدیایەکى عێراقى و هەرێمى کوردستان بڵاویانکردەوە کە سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق بڕیارى دواخستنى هەڵبژاردنیان داوە.

 


ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاربوو رۆژى شەشى حوەزیرانى ئەمساڵ ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانیش ئامادەکاریەکانى بۆ ئەو پرۆسەیە دەستپێکردوە.

 

508 جار خوێندراوەتەوە