كۆرۆنا دەگەڕێتەوە چین

KNN : Kurdish News Network
09:12 - 08/01/2021
تەندروستی

چین چۆن یەكەم وڵاتبوو ڤایرۆسی كۆرۆنای لێدەركەوت، بووە یەكەم وڵاتیش كە سەركەوتنی بەسەردا تۆماركرد و سنورێكی بۆ بڵاوبونەوەی دانا، بەڵام لە ئێستادا یەكێك لە شارەكانی باكوری ئەو وڵاتە بەهۆی توشبوونی ژمارەیەك هاوڵاتی بە کۆرۆنا؛ كەرەنتین كراوە، بەرپرسان ترسی ئەوەیان هەیە دووبارە پەتاكە سەر هەڵبداتەوە.

شاری شیجیاچوانگ لە هەرێمی هیبێی دەكەوێتە باكوری چین و نزیكەی (320) كیلۆمەتر لە پەكینی پایتەختەوە دوورە، ژمارەی دانیشتوانەكەی (11) ملیۆن كەسە، لەئێستادا بەرپرسانی شارەكە رێوشوێنەكانیان توندكردۆتەوە و دوای ئەوەی لە پشكنینەكاندا توشبوونی زیاتر لە (100) كەس لە دانیشتوانەكەی ئاشكرا بووە.

بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا قوتابخانەكان لە رۆژی چوارشەممەوە داخراون، هەروەها (10) رێگای سەرەكەی كە دێتەوە ناو شارەكە هاتوچۆی تێدا قەدەغەكراوە لەگەڵ داخستنی وێستگەكانی پاس و ئامڕازەكانی گواستنەوە.

رۆژنامەی گڵۆبال تایمز ئاشكرای كردووە، سەرجەم بلیتی شەمەندەفەرەكانی هەرێمی هێبی كە شاری شیجیاچوانگ پایتەختەكەیەتی هەڵوەشێندراوەتەوە و گەشتی پاسەكان وەستێنراوە، كاربەدەستانی شارەكە دەڵێن "لە جەنگداین دژی ڤایرۆسەكە".

ئەوەی كارەكەی قورستركردووە (78) كەس لە توشبووەكان هیچ نیشانەیەكیان نەبووە، بۆیە تیمەكان ناچارن پشكنینی بە كۆمەڵ لەسەرجەم ناوچەكان ئەنجام بدەن.

پێچەوانەی وڵاتانی جیهان، چین بە زوویی توانی تاڕادەیەكی باش كۆنترۆڵی كۆرۆنا بكات، ئەویش بەهۆی رێكارە توندەكانییەوە، بەتایبەت لەكاتی گەشتكردن و هاتنە دەرەوە، بەوەش ژیانی لە شاری وهان ئاسایی كردەوە كە لانكەی دەركەوتنی ڤایرۆسەكە بوو.

یەكێك لە گوندەكانی نزیك شاری شیجیاچوانگ كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (40) هەزار كەسە، بە زۆنی مەترسیدار دەستنیشانكراوە و بەتەواوی ناوچەكە داخراوە، هەروەها پشكنین بۆ سەرجەم دانیشتوانەكەی ئەنجام دراوە.

دەستەی پەخشی رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی حكومەتی چین كە بە (CCTV) ناسراوە، ئاشكرای كردووە، تیمێكی پزیشكی زۆر رەوانەی ناوچەكە كراوە، هاوكات چەندین دیمەنی تیمەكانی نیشانداوە كە پشكنینەكان ئەنجام دەدەن، هەروەها لە شاری نانوانگ كە نزیكی ناوچەكەیە پشكنین بۆ (400) هەزار كەس ئەنجامدراوە.

رۆژنامەی گڵۆبال تایمز لەزاری بەرپرسانى ناوچەکەوە باسی لەوەكردووە، پێشبینی دەكەن ئەو حاڵەتانە لە ئەوروپاوە هاتبێتنەوە ناو شارەكە.


1189 جار خوێندراوەتەوە